بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە وڵاتی چین تا ئێستا ١٠٦ کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی ئەو کەسانەی لە چین بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە ١٠٦ کەس و لە هەشت رۆژی رابردووشدا زیاتر لە ٤٥٠٠ کەس لە جیهاندا تووشبوون، دەیان وڵاتیش هۆشداری دەدەنە هاووڵاتیانیان کە بۆ چین سەفەر نەکەن.
بەرپرسانی تەندروستیی چین جگە لە گیانلەدەستدانی ١٠٦ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، باسیان لە تووشبوونی ٢٧١٤ کەسی دیکەش بەو ڤایرۆسە کردوە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە سەرەتا ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی ٢٨٠ کەس بووە و ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتۆتە زیاتر لە ٤٥٠٨ کەس.
میدیاکان دەڵێن چین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا “میکانیزمی کاتی جەنگ”ی گرتۆتەبەر و یەکێک لە نەخۆشخانە گشتییەکانی و ٥٠٠ تیمی پزیشکیی لە شاری تیانجین خستووەتە حاڵەتی ئامادەیی سەربازییەوە، ئەوەش یەکەمین جارە لە چین ڕێوشوێنی لەو شێوەیە دەگیرێتەبەر.
گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر بۆرسەکانی جیهان داناوە و بەو هۆیەوە نرخی نەوت گەیشتە نزمترین ئاست لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا و بەهای دراوی چینییش گەیشتە نزمترین ئاستی لە ساڵی٢٠٢٠ی زایینیدا.
هەرچەندە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە چەند وڵاتێکی دیکەی جیهان تۆمارکراوە، بەڵام کەیسی مردن جگە لە چین لە وڵاتانی دیکە تۆمارنەکراوە.
نیشانەکانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوشێوەی نیشانەکانی هەڵامەتن، کە پێکدێن لە سەرئێشە، ئاو لە لووت هاتن، کۆکە، تا، هەناسەتەنگی، ئازاری جەستە و لەرز کە هەموو کات بەم شێوەیە سادە نییە، هەندێك جار هۆکاردەبێت بۆ هەوکردنی سییەکان و لوولەکانی هەوا و ڕەنگە تووشبووەکە بکوژێت.












