فەرماندەی گشتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ھەڕەشە لە ئەمریكا دەكات و دەڵێ وڵامیان لە پێشتریش زۆر جددیتر و توندتر دەبێت.
حوسێن سەلامی، فەرماندەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، سەرەڕای گوشارەكانی ئەمریكاییەكان، بەڵام ھەموان باش دەزانن ئەگەر ھێرشی سەربازی بكرێتە سەر ئێران ئەوا دەرئەنجامی پێچەوانەی دەبێت و دوژمنان لەو كردەوەیەی خۆیان پەشیمان دەبنەوە.
فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران گوتی: “ئەوانەی ھەڕەشەی تیرۆركردنیان لە فەرماندەكانی ئێمە كردووە، ئەگەر لە ژیاندا بمێننەوە بە دڵنیاییەوە لە كردەوەی خۆیان پەشیمان دەبنەوە”.
دیارە ئاماژەی سەلامی بە هەڕەشەکانی ئەمریکایە کە ڕایانگەیاندبوو ئەگەر فەرماندەی تازەی سپای قودس″ئیسمائیل قائانی” کردەوەی دژە ئەمریکایی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەنجام بدا ئەوا هەروەکوو قاسم سلێمانی دەیکوژین .
سەلامی هەروەها دەڵێ: “ھەم ئەمهریكاییەكان و ھەم زایۆنیستەكان و ھەمیش خەڵكانی دیكە باش بزانن، ئەگەر ھەڕەشە لە فەرماندەكانمان بكەن، ھیچ كام لە فەرماندەكانیان خاڵێكی ئارام و سهقامگیر نادۆزنەوە، واتە گیانی ھیچ فەرماندەیەكیان لە ھیچ شوێنێكی جیھان پارێزراو نابێت. باشتر وایە باش ئاگاداری كردەوەكانی خۆیان بن”.
کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە خۆیان سەرچاوەی شەڕ و ئاژاوەگێڕین لە جیهان و ناوچەکەدا، ئێستا لە لایەک بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا و لە لایەکی دیکە بەهۆی خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێرانەوە کەوتوونەتە ژێر گوشار و ڕێگایەک بۆ دەربازبوون نادۆزنەوە و بەو جۆرە هەڕەشانە دەیانهەوێ دڵی لایەنگرانیان خۆش بکەن و ڕوحیە بدەنە هێزە چەکدارەکانیان. لە لایەکی دیکەوە کاربەدەستانی ڕێژیم بەو سیاسەتە هەڵەیە و هەڕەشەکانیان بوونەتە هۆی نەهامەتییەکانی گەلانی ئێران و دوای چل ساڵ هەر بەردەوامن لە دوژمنایەتی و ئاژاوە نانەوە لە جیهان و ناوچەکەدا و تا ئێستاش لەو ڕێگەیەدا هەربەردەوامن.