له کاتێکدا بڕیاره ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌توم بڕیاره تا سه‌ره‌تای زستانی ئه‌مساڵ بڕیاری کۆتایی‌و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر په‌روه‌نده‌ی ئه‌تومیی ئێران بدا‌و بابه‌تی گوماناوی بوونی ئه‌و چالاکییانه یان ڕه‌واندنه‌وه‌ی گومانه‌کان له‌سه‌ر ئێران یه‌کلا کاته‌وه، نوێنه‌ری ئێران له ئاژانس ناڕه‌زایه‌تیی خۆی له هه‌ڵوێستی ئاژانس ڕاگه‌یاند.
یۆکیۆ ئامانۆ، سه‌رۆکی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تومی ده‌ڵێ هه‌ندێ پرسیاریان له‌سه‌ر چالاکییه‌کانی ئێران که بنکه‌ی نیزامیی پارچین هه‌یه. ئه‌و ده‌ڵێ ده‌بێ هه‌وڵه‌کان چڕتر ببنه‌وه تا بۆ کاتی دیاریکراوی ٢٤ی سه‌رماوه‌ز هه‌موو ئه‌گه‌رو پرسیاره‌کان یه‌کلایی کرابێتنه‌وه. به‌رپرسانی ئاژانس ده‌ڵێن هه‌موو که‌ره‌سته‌و ئیمکاناتی پێویست بۆ پشکنینی بنکه‌ی ئه‌تومیی پارچینیان هه‌یه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا ڕه‌زا نه‌جه‌فی، باڵوێز و نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئێران له ئاژانس ده‌ڵێ پارچین بنکه‌یه‌کی نیزامییه‌و ئه‌وه‌ی له‌وێ ده‌کرێ هیچ پێوه‌ندییه‌کی به ئاژانسه‌وه نییه.
ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تومی له دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا که دوو حه‌وتوو له‌وه پێش بڵاوکرایه‌وه، ده‌ڵێ به هه‌ندێ جموجۆڵو ماشێن‌و که‌ره‌سته‌ی پێویست بۆ چالاکیی تایبه‌تی له چه‌ند شوێنێکی پارچیندا زانیوه.