خۆپێشاندانی لایەنگرانی خامنەیی لەبەردەم وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە قسەکانی زەریف بەڕێوەچوو.
ڕۆژی دووشەممە لایەنگرانی خامنەیی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە وتەکانی “محەممەدجەواد زەریف” کە وتبووی دوای کوشتنی قاسم سلێمانیش هێشتا دەرگای وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا دانەخراوە، خۆپیشاندانێکیان لەبەردەم وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا لە تاران ڕێکخست و دروشمی توندیان لەهەمبەر لایەنگرانی وتووێژ لە گەڵ ئەمریکا بەرزکردەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ قسەکانی خامنەیی دربڕی.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە “محەممەدجەواد زەریف” وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری ڕۆژنامەی “ئشپیگل”ی ئاڵمانی کە پرسیبووی دوای کوشتنی قاسم سلێمانی پێتانوایە دەرگاکانی گفتوگۆ داخراون، ڕایگەیاندبوو کە کوژرانی قاسم سلێمانی نابێتە هۆی داخستنی دەرگای گفتوگۆ لە گەڵ ئەمریکادا ئەگەر گەمارۆکان لەسەر کۆماری ئیسلامی لاببردرێن و ئەمریکا بگەڕێتەوە نێو ڕیککەوتنی بەرجام.
لە لایەن خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە قسەکانی زەریف کرد و هۆشداری دا لەهەمبەر دووجەمسەری و دووباڵەکی لە نێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا وئەم ڕەفتارانەی بە قازانجی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی ناوبرد.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی دوای ئەوەی کە هەستیکرد کە خەڵکی ئێران لەو ڕێژیمە بێزارن و ڕاددەی بێزاری خەڵکیش گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار، بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەیان بە هێنانە مەیدانی خاتەمی لە ساڵی ٧٦ی هەتاویدا و دروستکردنی شانۆی دووباڵ و دووبیری بناژۆخواز و ڕێفۆرمخواز توانی تا ئەم ساڵانەی دواییش ماوەی حکوومەتی خۆی بەسەر ئێراندا درێژبکاتەوە، بەڵام ئیستا خەڵک بە گشتی تێگەیشتوە و ئەو کارتەشیان سووتاوە بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و لە ڕاستیدا بۆ خەڵکی ئێران بناژۆخواز و ڕیفۆرمخواز چیدیکە واتای نەماوە.