دوو هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی شیرینی” لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان ڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا دەسبەسەر کران.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “سەمیع عەلیزادە”، خەڵکی ورمێ، بە هۆی “بڵاوکردنەوەی شیرینی” لە یادی ٧٤ەمین ساڵیادی کۆماری کوردستان، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هاوکات لە کرماشان، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “ئەبولفەزل زاهێدی”، بەتاوانی”بڵاوکردنەوەی شیرینی” لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەنداندا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
شایانی باسە کە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان هێشتا هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و چارەنووسی ئەو دوو لاوە کوردە نادیارە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵێکی بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردی لە کوردستان بە گشتی وبە تایبەتی لە شارەکانی ورمێ و کرماشان داوە، بەڵام پێچەوانەی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەیان ساڵدا و پێشتریش ڕێژیمی پاشایەتی بە هەمان مەبەست، هەستی نەتەوایەتی لە شارەکانی کرماشان و ورمێ ئەگەر بەهێزتر نەبێ لە شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان کەمتر نییە و بەردەوام گەشە دەکا.











