پۆمپێئۆ ڕایگەیاند کە هێرشی سەر باڵوێزخانەکەمان لە بەغدا لە لایەن گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دراوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی ڕاگەیاندووە کە هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەکەیان لە بەغدا بۆ لابردنی چاوەکانە لەسەر تووندوتیژییەکان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و ئەوەش لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزە بە وەکالەتەکانی ئەنجام دەدرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردۆتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە پۆمپێئۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تووڕەیی خۆی بەرامبەر بە هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا، لەوانەش باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، نیشان داوە.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی پێنج مووشەک ئاڕاستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کران و هەندێک سەرچاوەی ئەمنی باس لەوە دەکەن کە سێ لە مووشەکەکان کەوتوونەتە نێو باڵوێزخانەی ئەمریکا.
شایانی باسە کە ئەو گرووپانە پێشتر ئەگەر هێرشێکیان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کردبایە، بە شانازییەوە ڕایاندەگەیاند و بەردەوام هەڕەشەشیان دەکرد، بەڵام پاش ئەوەی کە ئەمریکا ڕایگەیاند وڵامی هەر هێرشێک بە هێرش دەدەینەوە، ئەمجارە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕەتیان کردەوە کە هێرشی سەر باڵوێزخانەکەی ئەمریکا لە بەغدا کاری ئەوان بووبێ.












