لە ڕێوڕەسمێکدا لە بۆکان فەرهەنگی سێ زمانەی ” کوردستانیکا” پەردەی لەسەر لادرا.
لەو ڕێورەسمەدا کە بەبەشداریی دەیان کەس لە ئەدیبانو نووسەرانی شارۆ بۆکان لە ساڵۆنی کۆبوونەوەکانی پارکی میللەتدا بەڕێوەچوو، پەردە لە ١٥ ساڵ زەحمەتو شەونخونییەکانی عەلی جەوشەنی، خاوەنی فەرهەنگی سێ زمانەی ” کوردستانیکا” لادرا.
لەو ڕێوڕەسمەدا هاوسەری عەلی جەوشەنی بە توندی ڕەخنەی لە قەسیم عوسمانی، نوێنەری شاری بۆکان گرت کە سەرەڕای زۆر هەوڵو پێوەندیگرتن ئاوڕی لەو بنەماڵەیە نەداوەتەوەو هیچ بایەخێکی بۆ ئەو پڕۆژەو کارە بەنرخو گرینگەی هاوسەرەکەی دانانەوە کە سەرمایەیەکی مەعنەوی بۆ شارەکەیە.
ئەو گوتی مێردەکەم بەهۆی ١٥ ساڵ کاری بەردەوام لەسەر ئەو فەرهەنگە تووشی زۆر کێشەی جەستەیی بووە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانەوە ئاوڕ لەو زەحمەتو شەونخونییانە نەدراوەتەوە.
لەو ریوڕەسمەدا فاتیح سەعیدی، بە نوێنەرایەتیی بڵاوکەرەوەی مانگ؛ ئەمجەد غولامیو دانەری فەرهەنگەکە عەلی جەوشەنی لەسەر نێوەڕۆکو بایەخی ئەو فەرهەنگە قسەیان کرد.
عەلی جەوشەنی گوتی فەرهەنگی سێ زمانەی ” کوردستانیکا” پتر لە ١٠٠ هەزار وشەو واژەی لە ڕووپەڕی ٣٦٠٠ لاپەرەدا لەخۆ گرتوەو ماوەی١٥ ساڵی خایاندوە بە بەرهەم بگا.