چالاکانی مەدەنی شاری شنۆ بە دەستپێشخەریی ئەنجوومەنی ژینکۆی ئەو شارە لە شەوانی بەفر و سەرمای ئەمساڵدا هەڵمەتێکی ژینگەپارێزییان بەڕێوەبرد.
ئەندامان و چالاکانی ئەنجوومەنی ژینکۆ لە شەوانی ساردی ڕێبەندانی ئەمساڵدا بە کۆکردنەوەی پاشماوەی خورادنەکان لە تەلار و هۆڵەکانی شاری شنۆ، لە دەوروبەری ئەو شارەدا لە نێو ئاژەڵەکاندا بڵاویان کردەوە.
ئەو هەڵمەتە لە ژێر ناوی “بەم زستانە ئاژەڵ و باڵندەکان هیوایان بە ئێمەی مرۆڤە” بەڕێوەچوو.
ژینگەپارێزانی شاری شنۆ بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لە بنەماڵەکان کردوە کە خواردنە زیادییەکانیان بۆ باڵندە و ئاژەڵەکان ڕاگرن و لەو هەڵمەتە مڕۆڤدۆستانە و ژینگەپارێزییەدا هاوکاریان بن.
جێگەی ئاماژەیە لە دەستپێکی وەرزی سەرما، ژینگەپارێزان و چالاکانی مەدەنیی کورد داوا لە خەڵک دەکەن کە لە ڕۆژانی ساردی زستاندا ئاگایان لە باڵندەکان و ئاژەڵەکان هەبێ، کە بە خۆشییەوە بەرەبەرە لە نێو خەڵکی کوردستان ژینگەدۆستی بووەتە نەریتێکی شیاو و پێشوازیی لێدەکەن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی “ژینکۆ”ی شنۆ پاش تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر دامەزرانیدا، یەکێک لە چالاکترین ئەنجوومەنە ژینگەپارێزییەکانی کوردستانەو لە وشیار کردنەوە و زانیاری پێدان بە بنەماڵەکان بە تایبەتی منداڵان و مێرمنداڵان لە پێوەندی لەگەڵ پاڕاستنی ژینگە کە بنەمای نیشتماندۆستییە ڕۆڵی بەرچاوی هەیە.
چاندنی بەڕوو، کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکان لە شوێنە گەشتیارییەکان و بەڕێوەبردنی کێبەڕکێی ژینگەپارێزی لە نێو منداڵان و قوتابیان، ڕێکوپێک بەڕێوەبردنی بۆنەکانی نەورۆز لە بەرچاوترین چالاکییەکانی ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی ژینکۆی شنۆیە.











