بەرپرسی گشتیی گومرگی ئێران ڕایگەیاند کە لە ٩ مانگی سەرەتای ساڵی ٩٨ـدا، ١٢٢٢ تۆن ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.
گومرگی ئێران ڕایگەیاند کە دەست بەسەر ١٢٢٢ تۆن مادەی هۆشبەردا گیراوە.
“مەهدی میرئەشرەفی”، بەرپرسی گشتیی گومرگی ئێران بە ماڵپەڕی “اقتصاد آنلاین”ـی ڕاگەیاندووە کە لە ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا گومرگی ئێران ڕاستەوخۆ دەستی بەسەر ٤٨٠ تۆن ماددەی هۆشبەردا گرتوە کە بەشێکی واتە ١٠٢٩ کیلۆی هێرۆئین بووە و ٤١٦ کیلۆی تریاک و ٢٧٦ کیلۆی ماددەی هۆشبەرە سەنعەتییەکان و ڕێژەیەکی زۆری جۆرەکانی دیکەی ماددەی هۆشبەر بووە.
سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی کە چەندین ساڵە بەشێوەی مافیایی و قاچاخ و تەنانەت هەندێ جاریش بە ئاشکرایی کاری لەسەر بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە کردوە، ساڵانە ڕاپۆرت و هەواڵی جۆراوجۆری لەسەر بڵاودەکرێتەوە. زۆر جار بۆ چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی، هێندێک لەو ماددە هۆشبەرە بۆ خەڵک و ڕاگەیاندنەکان ئاشکرا دەکرێ کە دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵام دواتر دیار نییە کە ئەو ماددەیەی کە دەستی بەسەردا گیراوە بەرەو کوێ دەچێ و چی بەسەردێ.
شایانی باسە کە ڕێژەیەکی زۆر لە گەنجانی ئێران و کوردستان گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکان بوونە و زۆر کەس لەو ڕێگەیەدا گیان و ماڵ و ژیانیان لەدەستداوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەک هەر پێشگیری لە کڕین و فرۆشتنی ئەو ماددەیە لەنێو گەنجاندا ناکا، بەڵکوو خۆی بەرپرسی سەرەکی بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکانە لەنێو خەڵک و بە تایبەت لەنێو گەنجاندا و هیچ دەزگایەکی یاسایی و سەربەخۆش لە ئێراندا نییە هەتا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو دیاردەیە بکا کە هەموو وڵاتی داگرتوە.