بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە هەرێمی کوردستان ڕووی لە زیادبوونە و تەنیا لە ٢٤ ڕۆژی ساڵی ٢٠٢٠ـدا، ١٨٧ کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری هێرۆئین دەستی بەسەرداگیراوە و چەند کەسیش بە هەمان تۆمەت دەستگیرکراون.
پزیشکانیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕۆژانە ئالوودەبوان سەردانی نۆرینگە و نەخۆشخانە دەروونییەکان دەکەن.
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی ٢٠١٩دا ١٧١٢ تۆمەتبار بە تۆمەتی بازرگانی کردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون، لە کاتێکدا ساڵی ٢٠١٨ تەنیا ٩٤١ کەس بە هەمان تۆمەت دەستگیرکرابوون، واتە لە ساڵێکدا نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە. لە هەمان کاتدا لە ساڵی ٢٠١٩دا ٢٠٣کیلۆ ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.
لێکۆڵەرێکی داد لە ئاسایشی هەولێر دەڵێت، سەرەڕای ڕێکاری تووند، بەڵام بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەرەوە لە زیادبووندایە .
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی هەولێر ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، دەست بەسەر ١٣٠کیلۆ ماددەی هۆشبەری جۆری هێرۆئیندا گیراوە و باندێکیش دەستگیرکراون.
شایانی باسە کە وڵاتانی دراوسێی کوردستان و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەمووشێوەیەک هەوڵی تێکدانی ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەسایەتی تاکی کورد دەدەن و ساڵانێکە هەوڵی چڕوپڕیان دەستپێکردووە و یەکێک لە مەترسیدارترین هەوڵەکانیشیان ڕەوانەکردنی ماددەی هۆشبەرە بۆ هەرێمی کوردستان و لە ناوبردن و دەستەمۆکردنی ئەو کۆمەڵگەیەیە، هەروەک چۆن خەڵکی ئێرانیان تووشی ئەو دیاردە قێزەون و مەترسیدارە کردوە.











