بڕیارە لە ساڵی داهاتووی هەتاوییەوە بابەتێکی دەرسیی نوێ بە ماددە دەرسییەکانی قۆناغێکی باڵای زانکۆکانی ئێرانەوە زیاد بێ کە ناوی ” جینایەت و دەسیسەکانی ئەمریکا”ـیە.
دوای پەرەسەندنی کێشەکانی ئێران و ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ ئەمجارە بە شێوەیەکی توندتر و بەهێزتر دژ بە ئەمریکا هەڵوێست بگرێ و هەربۆیە زانکۆکان وقۆناغی کارناسیی باڵای هەڵبژاردووە.
بە وتەی ” محەممەد ڕەزا ئاهەنچیان”، بەرپرسی گشتیی ناوەندی بەرنامە داڕشتنی وەزارەتی علووم، لە سێ مانگی داهاتوودا بڕیارە کە لە قۆناغی کارناسیی باڵادا بابەتی دەرسیی دەسیسەکانی ئەمریکا بخوێندرێ.
ئەو بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ١٣ـی خەزەڵوەری ١٣٩٨ـی هەتاوی لەلایەن مەجلیسی شورای ئیسلامییەوە پەسەند کراوە و عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیش پشتیوانیی ڕاستەوخۆی لێکردووە. جێی ئاماژەیە کە “محەممەد مەهدی زاهدی” بەرپرسی کۆمیسیۆنی فێرکاری و لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی یەکێکی دیکە لەو کەسانەیە کە هەوڵی زۆری بۆ پەسەند کردنی ئەو ماددە دەرسییە داوە.
شایانی باسە کۆماری ئیسلامیی ئێران بێجگە لەوەی زۆربەی کتێب و بابەت و بڕگە زانستییەکانی لە زۆربەی زانکۆکان قەدەغە کردووە، بەهەموو شێوەیەک دەیهەوێ بیر و فکر و ئایدۆلۆژیی ڕێژیمەکەی بەرێتە نێو خوێندنگە و زانستگەکان و لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا هەوڵێکی زۆری داوە تا خوێندکاران بەلاڕێدا بەرێ و بۆ دژمنایەتی گەلان و وڵاتانی دیکەی جیهان هانیان بدا و تۆوی ڕق و دوژمنایەتی لە هزر و بیریاندا بچێنێ و بەو شێوەیە ڕێگە لە زانستی سەردەمیانە و پێشکەوتنخوازانە بگرێ.