مێسباح یه‌زدی وێڕای ڕه‌خنه له هێندێك كه‌س که سه‌قامگیریی ئه‌منیه‌تی ئێران له یه‌كگرتوویی نه‌ته‌وه‌و جۆراوجۆرییه‌کانی ئێران‌دا ده‌زانن، جارێكی دیكه‌ش پێداگریی كرده‌وه كه ده‌بێ له نێوان شیعه‌و سوننی‌دا جیاوازی هه‌بێ.
مێسباح یه‌زدی، سه‌رۆكی بنیاتی فێركردن و لێكۆڵینه‌وه‌ی خومهینیو یه‌كێك له مامۆستایانی حه‌وزه‌ی عیلمیه له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی هه‌یئه‌تی زانستیی زانكۆی به ناو ئیمام حوسێن‌و ئه‌ندامانی هه‌یئه‌تی زانستیی هه‌موو زانكۆكانی ئێران، شه‌ڕی ئێران و عێراقی جیا له هه‌موو شه‌ڕه‌كانی پاش شۆڕشی ناوبرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ناوبراو ئه‌م شه‌ڕه‌ی به “پیرۆز” زانی.
پێداگریی یه‌زدی له‌م قسانه‌یدا ئه‌وه بووه كه حكومه‌تی ئێران‌و سه‌قامگیریی كۆمه‌ڵگه ده‌بێ له سه‌ر پێداگری له‌سه‌ر بنه‌ما مه‌زهه‌بییه‌كان بێ. ناوبراو هه‌روه‌ها یه‌كسانیی‌و به‌رابه‌ریی شیعه‌و سوننی به نادروست زانی.
ئه‌مه یه‌كه‌م جار نییه كه مێسباح یه‌زدی شیعه‌و سوننی له‌یه‌کتر جیا ده‌كاته‌وه‌و مافی جیاوازیان بۆ داده‌نێ. ناوبراو ساڵی ڕابردووش ڕێڕه‌وانی سوننی مه‌زهه‌بی له ڕیزی ڕێڕه‌وانی “ئایینی ناحه‌ق” دانا و گوتی ده‌بێ كتێبه‌كانی شیعه له نێو سوننی مهزههبییهكاندا په‌ره‌یان پێ بدرێ تا ئه‌م كه‌سانه‌ی كه كه‌متر هۆگری سوننین زووتر بۆ ئایینی حه‌ق واته شیعه بگه‌ڕێنه‌وه.
له ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه، هه‌ر ئه‌م شێوازه بیركردنه‌وه‌یه‌یه له ئێران كه ههڵاواردنو بێبه‌شیی سونییه‌کان له هه‌موو مافه‌كانی هاووڵاتیبوونی لێکه‌وتۆته‌وه‌و ته‌نانه‌ت له شاری تاران سوننی مه‌زهه‌به‌كان مافی ئه‌وه‌یان نییه مزگه‌وتێکیشیان بۆ نوێژكردن هه‌بێ.
شایانی باسه كه سوننی مه‌زهه‌به‌كان ناتوانن له پۆسته سه‌ره‌كییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ریی حكومه‌ت به‌شدار بن و ته‌نانه‌ت له شاره كورده‌كانیش به‌رپرسایه‌تیی سه‌ره‌كیی به شیعه‌كانن.