ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، هاوڕێ “عەبدوڵڵا مینوویی” ناسراو بە عەبە باوە، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پاش ساڵانێکی زۆر بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئۆسڵۆی پایتەختی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد. عەبدوڵڵا مینوویی کوڕی سەید شەریف، ساڵی ١٣٢٣ی هەتاوی لە گوندی “نێ”ی ناوچەی مەریوان لە بنەماڵەیەکی کوردپەرەر و دیار و ناوداری ئەو ناوچەیە چاوی بە ژیان هەڵێناوە و توانیویەتی تا پۆلی شەشی سەرەتایی درێژە بە خوێندن بدات. کاک عەبدوڵڵا وەک باقی شۆڕشگێڕان و نیشتیمانپەروەرەکانی دیکەی شاری مەریوان، لە ناڕەزایەتییەکان و خۆپێشاندانەکان دژ بە نیزامی پاشایەتی چالاکانە بەشداری دەکات و بە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧، یەکێک لەو کەسانە بووە کە بۆ پارێزگاریکردن لە خەڵکی شاری مەریوان لە کۆمیتەی شاری مەریواندا ئەندام بووە. پاش هێرشی نیزامیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، کاک عەبدوڵڵا دێتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و دڵسۆز و وەفادار بە ڕێبازی هاوڕێ شەهیدەکانی، درێژە بە ئەرکی پێشمەرگانەی خۆی دەدات و لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزبدا خزمەت دەکات. دوای چەندین ساڵ پێشمەرگایەتی، ڕێگەی هەندەرانی گرتە بەر و لە وڵاتی نۆروێژ گیرسایەوە و وەفادار بە بەڵێن و حیزبەکەی مایەوەو و وەک ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب درێژەی بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دا. هاوڕێ “عەبدوڵڵا” مرۆڤێکی بە بیروباوەڕ، دڵپاک و خاکی و خەڵکی و هەر ئەو تایبەتمەندییانەش بوو کە لە ناو کۆڕی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و خەڵکی شاری مەریوان و دەوروبەریدا خۆشەویستیان کردبوو و جێی ڕێز و متمانەی هەموو لایەک بوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە، هاوخەمی خۆمان لەگەڵ بنەماڵەی بەڕێزی و خزم و کەس و کاری هاوڕێ عەبدووڵڵا مینوویی دەردەبڕین و خۆمان لە خەمیاندا بە شەریک دەزانین.












