فرانتس نویمان دەڵێ: “ڕۆشنبیران ویژدانی ڕهخنهگرانەی کۆمه‌ڵگەن یاخود ئه‌شێ وا بن.”
ڕۆشنبیری کورد چوار خاڵی لاوازی به خۆیه‌وه هه‌ڵگرتوه:
یه‌که‌م، ڕۆشنبیری کورد هه‌میشه و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ، له ڕوانگه و بازنه‌ی گوتاری ناڕاسته‌وخۆی زاڵد، بیری کردۆته‌وه و نوسخه‌ی هه‌ڵپێچاوه؛ واتە ئاسۆی واتایی (افق معنایی) ڕۆشنبیری کوردی، هه‌مان تێڕوانین و خۆیندنه‌وه‌ی هیتره که ئه‌ویش خۆی نهیخوڵقاندوه و وه‌ریگرتوه؛ وه‌ک گوتاری ئێرانی، تورکی، عه‌ره‌بی و…
دووه‌م، ڕۆشنبیریی کوردی هه‌میشه له بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات و گوتاری سیاسی، کێشه و که‌ندوله‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و فه‌رهه‌نگیی کۆمهڵگەیهکهی بینیوه و هیچ ئه‌رکێکی دیاریکراوی بۆ خۆی به مه‌به‌ستی کار و کرده‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تیی فه‌رهه‌نگی، ئاڵوگۆڕی هزری و دیالۆگی نییه و له‌سه‌ر بنه‌مای گوتاری ڕه‌خنه‌گرانه دانه‌به‌ر نه‌کردوه و خۆی له ژێری ده‌رهاویشتوه.
سێهه‌م، ڕۆشنبیری کورد به هۆی لاوازیی تێئۆریک و بگره نه‌بوونی هیچ ڕوانگه‌یه‌کی تێئۆریکی خۆماڵی و خۆیی، به‌رده‌وام بهملاوئەولادا سه‌ری شۆڕ بووەته‌وه.
چواره‌م، ڕۆشنبیریی کوردی به شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی، ههنگاوێکی داڕێژراو و سیستماتیکی بۆ توێژینه‌وه‌ی ستراتێژیکی و بونیادیی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تیی خۆی هه‌ڵنه‌هێناوه‌ته‌وه؛ هه‌ر بۆیه‌ش لێدوان و ده‌رهاوێژی هزر و فهلسهفیدهنهکانیان! جێی متمانه‌ی کۆمه‌ڵگە نه‌بووه ونه‌یانتوانیوه ئۆتێنتیسیته (ڕەسەنایەتی و کرۆکی نه‌گۆڕ)ی کۆمهڵگەیهکهیان بدۆزنه‌وه.
به تێبینی له‌سه‌ر ئه‌و باسه‌ی پێشوو ده‌توانین به‌گشتی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی ڕۆشنبیریی کوردی ئاماژه به‌و خاڵانه بده‌ین:
نابێ ئه‌وه بشارینەوە که وێنه (شبهه) ڕۆشنبیری کوردی، زێهنێکی ئاڵۆز و په‌رته‌وازه و تۆزاویی هه‌یه و به وته‌ی فۆکۆ «له ناخی ئێپیستمه‌ی گوتاریی زاڵی ده‌سه‌ڵات» و سووژه‌ی ئه‌ویتردا نوقمه. له ڕاستیدا جۆره تێرۆریزمێکی نه‌زه‌ری! ئێپیستمه و ئاگایی ڕۆشنبیریی کوردی کوێر کردۆته‌وه. ڕۆشنبیری کورد ئه‌شێ هه‌وڵی دۆزینه‌وه و داهێنانی تێئۆرییه‌ک بدا نه‌ک ده‌رکه‌وته‌ی تێئۆرییه‌که بێ.
به باوەڕی من ده‌بێ ڕۆشنبیری کورد به دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ساله‌ت و ڕه‌سه‌نایه‌تی و کرۆکی نه‌گۆڕی ده‌قی کۆمه‌ڵگەی خۆی، له هه‌وڵی داهێنان و خوڵقاندنی گوتار و تێئۆرییه‌کی نوێی ڕوو له داهاتوو بێ که ئاسۆی ڕابردوو له‌گه‌ڵ ئاسۆی هه‌نووکه و داهاتوو، ئاوێته و گرێبه‌ست بکا؛ هه‌ر وه‌ک بیرۆکه‌ی گادامێر به‌رجه‌سته‌بوونی ئه‌م شێوه خوێندنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی ده‌قه‌کان تاپۆ ده‌کا. به‌بێ نه‌خستنه‌ڕووی ئه‌م ڕه‌سه‌نایه‌تییه، دازاین (بوون)ـی کورد شوناس به خۆیه‌وه ناگرێ؛ وه‌ک هایدێگێریش بۆی ده‌چێ، ئه‌شێ ڕۆشنبیری کورد دازاین و بوونی خۆی بدۆزێته‌وه و به‌و ئاسته له وشیاری بگا که هیی ده‌قی خۆیه‌تی: «ئه‌ز هەم، کەوابوو؛ بیر ده‌که‌مه‌وه«.
گه‌لێک ڕوونه بۆ یه‌که‌م هه‌نگاو ئه‌و زه‌رووره‌ته مێژووییه دێته ڕوو که وێنه‌ی ڕۆشنبیری کورد، له یه‌که‌م بڕگه‌دا هه‌وڵ بدا گوتاری زاڵ، بنه‌ماشکێنی بکا و سووژه‌ی کورد له کۆیله‌تیی ئۆبژه‌ی په‌راوێزی گوتاره‌کانی تر ڕه‌ها بکا. به‌و مانایه به‌بێ دڕدۆنگی، کورد ڕۆشنبیری نییه.
ئه‌شێ ڕۆشنبیری کورد له پێناسه و گوتاری نه‌ریتیی ڕۆشنبیران جیا بێته‌وه و بگاته ڕۆشنبیری «ئه‌نداموار». ئێرنێستۆ لاکلاو و شنتال مووفه له‌م باره‌وه ده‌ڵێن: «به‌پێچه‌وانه‌ی ڕۆشنبیریی کلاسیک که مه‌به‌ستیان ڕاکێشانی ئاپۆره‌ی خه‌ڵکه به‌ره‌و هه‌ڵدێری نادیار، ڕۆشنبیرانی ئه‌نداموار، وێڕای بنه‌ماشکێنی (deconstruction)ی گوتار و سیستمی ڕازاوه‌ی زاڵ، بۆ خوڵقاندن و پێکهێنانی گوتارێک تێده‌کۆشێ که خاوهنە سهرەکییهکهی خه‌ڵکن.» له‌و ڕووه‌وه، ڕۆشنبیر به‌و که‌سه ده‌گوترێ که «ئه‌و ئه‌ساله‌ت و سهنهدییهتەی گوتاریی خۆی، له‌کۆی داخوازییه‌کانی نه‌ته‌وه‌دا بدۆزێته‌وه و به‌گۆیره‌ی ئه‌وان و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵیان نزامێک له وشه و ڕسته و شێوازی داڕشتنی ڕێزمانێک دابێنێ که هه‌ڵگر و کاردانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی بێت.» (آقا حسینی، 1385، 26) بێگومان گه‌ڕانه‌وه سه‌ر کرۆکی نه‌گۆڕی ده‌ق، خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕاست و حه‌قیقی ده‌بێ. هه‌روه‌ک «جیمز» ده‌ڵێ: «ده‌قه‌کان له فه‌رهه‌نگه جیاوازه‌کاندا سه‌قامگیر ده‌بن.» (یارمحمدی، 1383، 33) له‌و هێڵه‌شه‌وه لێکدانه‌وه و ئیستدلالی گرامشی ئه‌وه بوو که ئه‌ساله‌ت و گه‌وهه‌ری ده‌قی هه‌ر کۆمه‌ڵگەیه‌ک تا ڕاده‌یه‌کی ئێجگار زۆر نه‌گۆڕه وته‌نانه‌ت ده‌کەوێته به‌ر شرۆڤه و خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر، بۆیه ڕۆشنبیر ده‌بێ ئه‌م کرۆک و گه‌وهه‌ره نه‌گۆڕه بدۆزێته‌وه و ئاگایی به‌سه‌ردا هه‌بێ. (آقا حسینی، هه‌مان، 27) له ڕاستیدا به چاونووقاندن له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک ڕه‌خنه‌ی مه‌زن له‌مه‌ڕ بۆچوونه‌کانی گێئۆرک لۆکاچ، ئه‌وه‌ی به بارمته لێ وه‌ربگرم که ئاگایی ڕاسته‌قینه و «ئاگایی له بێئاگایی خۆی»، کورد وێنه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئینسانی له «قۆناغێکی له‌خۆیدا» بگوازێته‌وه بۆ «قۆناغێکی بۆخۆی»؛ واته نه‌ته‌وه‌یه‌ک که به شوێنگه و ڕه‌ساڵه‌ت و ئه‌رکی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ئاگاداره؛ هه‌ر لێره‌شه‌وه ده‌کرێ ئه‌وه له‌گه‌ڵ نه‌زه‌ریه‌ی گرامشی گرێ بده‌م که، دۆزینه‌وه و قۆزتنه‌وه‌ی «وشیاریی ئۆتێنتیسیته‌دار» ده‌توانێ هێژمۆنی په‌یدا بکا و جڤاک و کۆمه‌ڵگەی کوردی و داهاتووه‌که‌ی وه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵگەیه‌کی مرۆڤانه‌ی دیکه به‌ره‌و گواستنه‌وه‌یه‌کی نه‌زه‌ری و عه‌مه‌لی (یه‌کیەتیی سووژه و ئۆبژه) له‌سه‌ر به‌ردی بناغه‌ی گوتاری ڕاسته‌قینه و خوڵقێندراوی خۆی وێنا بکا و، ئه‌مه‌ش وه‌ک پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وام و هه‌میشه‌یی کارتێکردن و کارلێکردنی نێوان دۆزی کۆمه‌ڵگە و ڕۆشنبیریی کوردی و به‌ره‌و پێشڤه‌چوون بێ. دیاره ئه‌ز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش کۆک نیم که له کرده‌ویه‌کی کاردانه‌وه‌ی واکونێشی و به‌راوه‌ژوودا، هه‌مووشتێکی نێو گوتاری ڕۆشنبیریی تر، ڕه‌فز بکاته‌وه و تۆڕی بدا و هاوشێوه‌ی ئه‌و، به‌ڵام به‌لای نێگه‌تیڤ و به‌رگریکردندا خۆی بڕازێنێته‌وه، واتا به جۆرێک له خۆتێگه‌یشتنێکی واژی و بهراوەژووی هه‌بێ!
له ڕاستیدا ئاگاییه‌کی ده‌ره‌وێر(False consciousness) له‌مه‌ڕ زێهنییه‌ت و کرده‌وه‌ی مێژوویی گوتاری ڕووناکبیریی کوردی دزه‌ی کردوه و بۆیه گه‌لێک پێویسته ئاسۆی تێڕوانینی خۆی له گوتاری تێگه‌یشتنی ئه‌ویتر بگوازێته‌وه بۆ نێو ده‌قی گوتاری ئۆتێنتیسیته‌دار و دازاینی خۆی. هۆسێرل له‌سه‌ر ئه‌م ڕایه سووره که «هه‌ر زێهنێک ئاسۆیه‌کی واتایی (افق معنایی) هه‌یه که به‌هۆیه‌وه له فۆنۆمێنهکان تێده‌گا. دیارده‌کان له چوارچێوه‌ی ئه‌و ئاسۆ واتاییه‌وه ده‌رک ده‌بن، کاتێک ئاسۆی واتایی ده‌گۆڕدرێ، شێوازی وه‌دیارکه‌وتنی دیارده‌یی جیاواز ده‌بێت.» (خالقی، 1383، 57)
به‌کورتی مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که ڕۆشنبیریی کورد، ئه‌شێ ئۆتێنتیسیته‌ی ده‌قی کۆمه‌ڵگەی خۆی بێ و به‌و جۆره به ئاگاییه‌کی ڕاسته‌قینه له‌نێو گوتاری هه‌ڵقوڵاو له ده‌قی خۆی بگا تا هێژمۆنی په‌یدا بکا، ئه‌و کاته‌یه که ڕۆشنبیریی کوردی له‌دایک ئه‌بێ و له گوتاری «گه‌ل له ناخی خۆیدا» به‌ره‌و قۆناغی «گه‌ل بۆخۆی»، کاری هزری و ڕۆشنبیرانه ده‌س پێده‌کا. ڕه‌نگه له دوو لایه‌نه‌وه دان به ڕاستبوونی ئه‌م وته‌یه دابنێین؛ یه‌که‌م: ڕۆشنبیریی کوردی ئێستا له‌په‌راوێزی گوتاری زاڵدا ڕۆڵ ده‌بینێ و وه‌ک ئه‌ویتر (غیر) سه‌یری ده‌کرێ. دووه‌م: ڕۆشنبیریی کوردی شوناس و ڕه‌وایی (مشروعیت)ـی خۆی له‌و په‌راوێزه‌دا به‌پێی ده‌قی گوتاری زاڵ وه‌رده‌گرێ؛ که‌وایه به‌وه ده‌گه‌ین که تاوه‌کوو ڕۆشنبیریی کوردی له گوتاری ده‌قی خۆی، هه‌ڵگر و داگری ئۆتێنتیسیته‌ی کۆمه‌ڵگەکه‌ی نه‌بێ ڕه‌وایی وه‌ده‌ست ناهێنێ و هه‌روا له‌ژێر قورسایی ئه‌م بۆچوونه‌ی فارووقدا مشوو ئهخواتهوە!
ڕۆشنبیری کورد به ده‌ره‌تان له‌و دوو بواره‌دا ئه‌توانێ ڕۆڵی ڕێبه‌ریی ڕۆشنبیری به‌خۆیه ببێنێ و له‌گه‌ڵ خۆی وه‌ک ڕۆشنبیرێکی تایبه‌ت، کۆمه‌ڵگەکه‌ی به‌ره‌و وشیاری له‌نێو ئاخنی وێژه و گوتاری ڕاسته‌قینه ڕێنوێنی بکا. دیاره پێشه‌نگایه‌تی و ئه‌رکی ڕۆشنبیریی کوردی، دۆزینه‌وه و قۆزتنه‌وه‌ی وشیاریی ده‌قی کۆمه‌ڵگە و داڕشتنی له قاپووڕی گوتارێکی ئۆتێنتیسیتهداری خۆی، وه‌ک یه‌کیەتیی سووژه و ئۆبژه‌ی کوردییه بۆ ده‌رباز بوون له ژێدانوویزمی زاڵ و گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی. ئه‌وه‌ش به واتای پێگه‌ی ڕۆشنبیریی هێژمۆنیکه. واتا «ڕۆشنبیری له‌خۆیدا» به «ڕۆشنبیری بۆخۆی».
***
* ئەم وتارەی د. جەلال حاجی زادە لە فەیسبووکەکەی وەرگیراوە و «کوردستان» بەنیشانەی ئەمەگ و وەفا بۆ ئەو کەسایەتییە هزری و بیرمەندە بەتوانایەی کورد بڵاوی کردۆتەوە.