دوو هونەرمەندی کورد خەڵک شارەکانی بۆکان و کامیاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێڕیزییان پێکرا .
ڕۆژی٣٠ی بەفرانبار شاعێر و شانۆکارێکی کورد خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن ئیدارەی ئیرشادەوە کەوتە بەر لێدان و بێڕێزی پێکردن.
“هێمن سوهرابی”، شاعێر و شانۆکارێکی بۆکانی لە لاپەڕی ئینستاگرامی خۆی نووسیوویەتی: “پاش لێدان و بێڕێزیکردن بە خۆم و بنەماڵەکەم لە لایەن بەرپرسی ئیدارەی ئیرشادی بۆکانەوە، بە منیان ڕاگەیاند، کە چی دیکە ناتوانی چالاکیت هەبێ لە بواری شانۆدا.
ئەو شاعێرە کوردە، هەروەها ڕایگەیاندووە: “بەرپرسی ئیدارەی ئیرشاد بە ناوبراوی ڕاگەیاندووە کە تۆ پێشمەرگەی و دژبەری نیزامی !.”
لە درێژەی وتەکانی هێمن سۆهرابیدا هاتووە کە بە هۆی گوشارە ئەمنییەکان و ڕێگریی کردنی ئیدارەی ئیرشادی شاری بۆکان ناچارم بۆ ماوەیەک لە کاری شانۆ دوور بکەومەوەو چالاکییە هونەرییەکانم ڕادەگرم.
هێمن سوهرابی، شاعێر و ئەکتەر لە گرووپی شانۆیی “ڕۆژانۆ”ی شاری بۆکاندا چالاکی دەکا.
هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی ٢٧ی بەفرانبار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی “کامبیز ئەسەدی” هونەرمەند و بەڕێوەبەری فێرگەی موسیقای “دەنگی چیا” و دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەو هەوالە لە شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەسبەسەر کردنی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدانییە.