ئه‌من چاوم له ڕێگاته و به‌هیواتم، به شه‌وگاران
که سایه‌ی نێو لق‌وپۆپی «ته‌لاجن» ڕه‌نگی شه‌و ده‌گرێ
به‌وه‌ش ماته‌م به‌سه‌ر ئاسۆی دڵی دڵداری تۆ ده‌کشێ
ئه‌من چاوم له ڕێگاته
به شه‌وگاران که دۆڵی کپ وه‌کوو ماری سڕی نوستوون
له کاتێک‌دا که ده‌ستی نه‌رمی لیلووپه‌ڕ ده‌به‌ستێ قاچی سه‌روی کێو
له بیرت بم، نه‌بم، من تۆم له‌بیر ناچێته‌وه هه‌رگیز
ئه‌من چاوم له رێگاته (*)
ڕه‌نگه بتوانین هه‌موو نووسه‌ران به‌سه‌ر دوو ده‌سته‌ی گشتی‌دا دابه‌ش بکه‌ین. ده‌سته‌ی یه‌که‌م بریتین له هه‌موو ئه‌م نووسه‌رانه‌ی که‌ڵکه‌ڵه‌ی سه‌ره‌کییان بۆ ده‌ڤه‌رێکی واوه‌ی زمان په‌ل ده‌هاوێژێ و داڵغه‌یان خودی زمان نییه. بۆ نموونه کۆمه‌ڵناسێک یان ده‌روون‌ناسێک، زمان وه‌کوو که‌ره‌سته بۆ شرۆڤه کردنی تیۆرییه‌کانی پێوه‌ندی‌دار به بواری لێکۆڵینه‌وه‌ی خۆی به‌کار ده‌هێنێ و ئه‌گه‌ر هه‌ستیارییه‌کیشی به نیسبه‌تی زمانه‌وه هه‌بێ، ئه‌وا ئه‌م به‌په‌رۆش بوونه به‌ستراوه‌ته‌وه به‌م ده‌ره‌تانانه‌ی وا زمان بۆ لقه زانستییه‌که دابینی ده‌کا. به‌ڵام ده‌سته‌ی دووه‌م گشت ئه‌و نووسه‌رانه له‌خۆی ده‌گرێ که هه‌ر‌چی بنووسن و له هه‌ر بوارێک‌دا چازان و شاره‌زا بن، داڵغه‌که‌یان له پله‌ی یه‌که‌م‌دا زمانه. ئه‌دیبان و زمانه‌وانان له‌م ده‌سته‌یه‌دا جێ‌گیر ده‌بن. ئه‌م نووسه‌رانه‌ی له ده‌سته‌ی یه‌که‌م‌دا جێ‌گیر ده‌بن «له‌ناو» هه‌رێمی زمان‌دا هه‌ڵده‌سووڕێن. به‌ڵام نووسه‌رانی ده‌سته‌ی دووه‌م «له‌سه‌ر سنووره‌کانی وڵاتی زمان»دا کار ده‌که‌ن و به‌گشتی هه‌ڵسووڕانیان له‌پێناو په‌ره‌پێ‌دانی سنووره‌کانی ئه‌م وڵاته دایه. زمان بۆ ئه‌م نووسه‌رانه که‌ره‌سته نییه به‌ڵکوو ئامانجه.
ده‌سته‌ی دووه‌می نووسه‌رانیش خۆیان به‌سه‌ر دوو لقی دیکه‌دا دابه‌ش ده‌بن. ئه‌گه‌ر باسه‌که‌مان له بواری نووسینی کوردی‌دا چڕ بکه‌ینه‌وه، ده‌کرێ ئه‌م دوو لقه به‌سه‌ر دوو پۆلی «کوردی‌زانان» و «زمانه‌وانان»دا دابه‌ش بکه‌ین. وه نه‌بێ ئه‌وانه‌ی کوردی‌زانن، ناچاره‌کی زانیاری‌یان له بواری زمانه‌وانی‌دا نه‌بێ و به‌پێچه‌وانه زمانه‌وانه کورده‌کان، کوردی‌زان و کوردی‌نووسی چاک نه‌بن، به‌ڵام له نووسینی نووسه‌ران‌دا عاده‌ته‌ن یه‌کێک له‌م دوو لایه‌نه زیادتر زه‌ق ده‌بێته‌وه و شاره‌زایی‌ی نووسه‌ر له‌م لایه‌نه‌دا پتر ده‌خه‌مڵێ. له ڕوانگه‌ی نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌وه مامۆستایانێکی وه‌کوو هه‌ژار وشوکر مسته‌فا «کوردی‌زان» بوون و نووسه‌رانێکی وه‌ک تۆفیق وه‌هبی و مه‌سعوود محه‌ممه‌د «زمانه‌وان» بوون.
مامۆستا ئه‌حمه‌د قازی له‌و ده‌سته نووسه‌رانه بوو که که‌ڵکه‌له‌ی زمانیان هه‌بوو و له‌سه‌ر سنووره‌کانی وڵاتی زمان‌دا هه‌ڵده‌سووڕان و له‌ناو ئه‌م نووسه‌رانه‌ش‌دا زیادتر به‌لای زمانه‌وانه‌کان‌دا ده‌شكایه‌وه. مامۆستا له ده‌لاقه‌ی رێزمانه‌وه ده‌یڕوانییه زمان و ئه‌م ڕوانینه له شێوازی تایبه‌تی نووسینی‌دا خۆ‌یا ده‌بوو. شێوه نووسینی پته‌و و پاراوی نووسه‌رانێکی وه‌ک کاک ئه‌حمه‌د قازی، ساڵانێک بۆ که‌سانی هاونه‌سلی نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه، له ده‌وره‌ی داره‌داره کردنی نووسینیان‌دا، وه‌کوو سه‌رچه‌شن چاوی لێکراوه.
کاک ئه‌حمه‌دی قازی له‌سه‌رده‌مێک‌دا مشووری زمانی کوردی ده‌خوارد که پێویستی‌ی به‌ستاندارد کردنی زمانی نووسین، زیادتر له‌هه‌ر چاخێکی دیکه خۆی ده‌نواند. یه‌کێک له پێداویستییه‌کانی ئه‌م به‌ستاندارد کردنه ئه‌وه بوو که له‌پاڵ به‌هێز کردنی زمانی ئه‌ده‌ب، زمانی نووسین ڕه‌وان بکرێ و نووسینی ئاسایی له سسڵه و پڵپڵەی ناپێویستی وه‌زن و سه‌جع دابماڵدرێ و شێوه زمانێک دابین بکرێ که ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌رێمه‌کانی فیکر و فه‌لسه‌فه و زانست دا بشکێ هه‌تا زمانی کوردی هه‌ر به ته‌نیا زمانی ده‌ربڕینی رۆمانتیک نه‌بێ.
مامۆستا ئه‌حمه‌دی قازی یه‌کێکی دیکه له‌و که‌سایه‌تییه هه‌ڵکه‌وتانه بوو که شاری به‌خشنده‌ی مه‌هاباد به کۆمه‌ڵگای کوردستانی به‌خشی و کاک ئه‌حمه‌دیش به دڵاوایی‌یه‌وه به‌هره‌یه‌کی به‌وه‌جی به زمان و خه‌ڵک و وڵاته‌که‌ی به‌خشی.
کوێره‌ڕێ خامۆشه، جه‌نگه‌ڵ مۆڵی تێ‌دا خستووه شه‌وگار
کازیوه بێهووده سه‌رقاڵی په‌لاماری شه‌وی زاڵه
دڕ به شه‌و نادا، که‌لێنی ناکه‌وێتێ شه‌و
لێره‌دا پیاوێک به ئه‌سپایی له سووچێکا
بۆ هه‌واڵی خۆی ده‌کا باسی نه‌زیلێکی نهێنی‌ی ون.
(*)وەرگێڕدراوی شێعری «ترا من چشم در راهم شباهنگام» کە ئەحمەد قازی، وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی
ئەم نووسینە لە پەیجی نووسەر خۆی وەرگیراوە. بابەتەکە کاتی خۆی بە بۆنەی کۆچی دوایی نەمر ئەحمەدی قازی، نووسراوە. «کوردستان»
لە ژماره ٦٦٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه