بەپێی ئەو هەواڵانەی کە درزیان کردۆتە نێو میدیاکان، کۆماری ئیسلامی بە هێزە میلیشیا بەکرێگیراوەکانی ڕاگەیاندووە کە هێرش نەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
پاش کوشتنی قاسم سلێمانی لە لایەن ئەمریکاوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و یەک لەوان” خامنەیی” و هەروەها بەرپرسە باڵاکانی سپای پاسداران دەستیان بە هەڕەشە و گوڕەشەی توند کرد و باسی تۆڵە سەندنەوەی سەخت و دەرکردنی یەکجاریی ئەمریکایان لە عێراق و تەنانەت ناوچەکەش کرد و خەڵکێکی زۆریان کۆکردەوە و گوشاریان خستە سەر کارمەند و بەرپرسانی حکوومەتیی و بنەماڵەکانیان کە لە ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی گەورە تێرۆریست”قاسم سلێمانی”دا بەشداری بکەن، کە لەو ڕێوڕەسمەدا دەیان کەس کەوتنە ژێر پێی حەشیمەتەوە و کوژران و بەسەدان کەسیش برینداربوون.
لە لایەکی دیکەوە پاش ئاگادارکردنەوەی ئەمریکا ، چەند مووشەکی ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا کرد کە هیچ خەسارێکی گیانی بۆ ئەمریکاییەکان نەبوو و تەنیا بۆ ڕازی کردنی شیعە توندڕەوەکان بوو، بەپیی وتەی هێندێک لە شارەزایان لە ژێرەوە لەگەڵ ئەمریکا ڕێک کەوتبوون.
کاربەدەستانی ڕێژیم دواتر فەرمانیان بە هێزە شیعەکانی عێراق و وڵاتانی دیکە کرد کە هیچ هێرشێک نەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا، هەر لەو پێوەندییەدا بوو کە “موقتەدا سەدر ” ڕێبەری یەکێک لە باڵە شیعەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامی داوای لە هێزەکانی خۆی و هەروەها هەموو هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد کە بە پێی لێدوانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا دۆخەکە هێور بۆتەوە و پێویست ناکا هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا.
لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی تەنیا دەسەڵاتی کوشتنی خەڵکی بێتاوان و بێ چەکی ئێرانی هەیە و دەتوانێ بەسەر خەڵکی مەدەنیدا زاڵبێ و لە بەرانبەر ئەمریکادا هیچی پێناکرێ و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەکانیان کە لە کەشێکی ئێحساسیدا ویستیان خەڵک چەواشە و لایەنگرانیان دڵخۆش بکەن، ناوێرن خۆ لە قەرەی ئەمریکا بدەن و بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەیان هەموو ڕێککەوتنێک ئەنجامدەدەن