کیمیا عەلیزادە ژنە قارەمانی تیکواندۆی ئێرانی لە کێبەڕکێی جیهانی وەرزشدا لە وڵاتانی ئورووپایی داوای پەنابەری کرد.
بەپێی هەواڵی مێدیاکان کە لەو پێوەندییەدا بڵاوکراوەتەوە ” کیمیا عەلیزادە” تەمەن ٢١ ساڵ، قارەمانی تیکواندۆی ئێران و تاکە ژنی تیکواندۆکارە کە میداڵی زێڕی لە کێبەڕکێ جیهانییەکان دا وەرگرتووە و ماوەی یەک مانگ لە چوونە دەرەوەی لە ئێران، نایهەوێ لە تیمی میللی تیکواندۆی ئێراندا یاری بکا.
لەو بارەوە فیدراسیۆنی تیکواندۆی ئێران، ڕایگەیاند کە ناوبراو بەهۆی بریندار بوون نەیتوانیوە بەشداری کێبەڕکێ بکا لە حاڵێکدا کە کیمیا لە ئورووپا خەریکی ڕاهێنان و خۆ ئامادە کردنە. بەوتەی هاوڕێکانی کیمیا، ناوبراو یەکەم وێنەی خۆی لە کاتی ڕاهێناندا لە وڵاتی هولەند و بەبێ حیجاب بڵاو کردەوە و دەیهەوێ لە دەورانی قارەمانییەتی دا لە ئارامیش دابێ و بە دوور بێ لە هەڵاواردنەکان و کەڵک وەرگرتنی بەرپرسانی وەرزشی لە ژنانی قارەمان و خاوەن میداڵ وەک ئامرازێک لە وڵاتەکەیاندا .
کیمیاعەلیزادە” بە تەمایە لە کێبەرکێی تۆکیۆ، بەبێ ئاڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشداریی بکا.