لەوەتەی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٣ی بەفرانبارەوە بەسەر خاڵ و پیت و وشە و ڕستە و دێڕی ئەم ستوونە نووسراوەی بەرچاوتاندا «قوندە قوندە»مە و کلکم هەڵدەتەکێنم. بەڵام لێتان تێک نەچێت، من کلکهەڵتەکێنە نیم و هەمان «دارسمە»کەی جارانم. ئەو دارسمەیەی بەردەوام دەنووکی بۆ هەڵکۆڵینی نێوقەدی دارە ئەستوور و بەقەوەکان لەکاردایە و سەر و دەنووکی وەک چەقەنەی ئاشی لە هەڵبەزینە و، سەرەڕای ئەمەش مێشکی لە کارکردن ناوەستێ. ڕەببی دوژمنی حەوت پشتتان وەک بەشێکی زۆری ئەم هینانەی خۆمان مێشکی لە کارکردن نەوەستێت و نازناوی بێدەماخی بەسەردا نەبڕێ.
لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینییەوە لە جیات سەر و دەنووکم. دڵم کەوتووەتە لێدان و زۆرجار خۆشم وادەزانم دڵەکوتەمە. دڵم بە چەشنێک تەپەی دێت دەڵێی چەند کەس جووتپێ، پێلەقە بە دیواری ژوورەوەیدا دەدەن. منیش هەر هەڵبەز و دابەزمە و کلکم هەڵدەتەکێنم. نازانم ئەم کلکهەڵتەکاندنەم لە چییەوە؟ قسەی خۆمان بێ، دڵەکوتەکەشم وەک دڵەکوتەی شاعیر نییە کە دەڵێ:
“دڵەکوتەم نییە و دڵم جێی کیژێکی خانومانە
منداڵە ئۆقرە ناگرێ، بۆم دروست کردوە جۆلانە …”
جۆلانە بە ئارامی ڕادەژێت. ئەویش ئەگەر کیژی خانومانی لەسەر بێ، بە شاعیرێکی لێهاتووش نەبێ وەسفی ناکرێ. من پێچەوانەی شاعیر: ئەم دڵەم دەکا جۆلانێ/ هیچکەس وەک خۆم نازانێ/ بۆچ وا کەوتە ڕاژانێ …
نانا، خراپی بیر لێ نەکەنەوە، نەمدەویست بڵێم ئەم دڵەم دەکا جۆللانێ/ بۆ بەزمی فاتمە سوڵتانێ. دەمهەویست شتێکی دیکە بڵێم، بڵێم منیش وەک سیاسەتمەداری کوردم لێقەوماوە. داردەستێکم بە دەستەوەیە هەردوو سەری شتێکی بۆگەنی پێوەیە و ناوێرم دەستی کەمێ. ناچارم ناوەندی دارەکە بە دوو پەنجە بگرم و وەک تەرازوو لە دەستمدا لەنگەر بگرێ و ئەمسەر و ئەوسەری بەرز و نزم بێتەوە.
وەرن خۆتان لە جیات من دابنێن و بهێننە بەرچاوی خۆتان کە بە دەم کلکهەڵتەکاندنەوە، دڵتان بەتوندی لێ بدات و دارێکیشتان پێبێ، ئەمسەر و ئەوسەری بۆگەن بێ و ناچار بن لەنگەری هەردوو لا بۆگەنەکە ڕابگرن.
هەروا لەگەڵ دڵەکوتەکەمدا کلکی خۆمی بۆ هەڵدەتەکێنم و خەریکی هەڵپەڕکێ و شایی و لۆغانەکە دەبم. بەڵام ئەم دارە لەکۆڵم نابێتەوە. ئەو دارەی هەردوو سەری بە شتێکی بۆگەن پیس بووە، ناتوانم فڕێی بدەم و ئەگەر بەدەستیشمەوە بێ، خۆ بەدڵی خۆم چێژ لە شایی و هەڵپەڕکێکە وەرناگرم. تۆ بڵێی هەتا ئەو کاتەی بارانێکی بەڕەحمەت دەبارێ و ئەمسەر و ئەوسەری دارە پیسەکە دەشواتەوە و دواتر خۆرەتاو بۆنی ناخۆشی پاشماوەی پیساییەکە لەنێو دەبا، ئەم شایی و کلکهەڵتەکاندنەم بەردەوام بێ؟ ئەو کات بە دڵی خۆم سەرێکی دارەکە دەگرم و سەرەکەی دیکەی لە زەوی دەدەم و دەیکەمە ئەستووندەگ و یارمەتیدەری ڕاگرتنی هاوسەنگیی خۆم و یەک بە دەمم دەنگ هەڵدەبڕم و هاوار دەکەم.
ئەم دارە بۆگەنەم لەکۆڵ بێتەوە، هەر ئەستووندەگ و یارمەتیدەریشم ناوێ. دەخۆم ڕادەبینم لەسەر پێی خۆم بوەستم و وەک زۆربای یۆنانی بیکەم بە شایی و هەڵپەڕكێ. ئەگەر بۆگەنی ئەمسەر و ئەوسەری ئەم دارەپیسە نەبێ، گوێ بە کەس نادەم با هەر پێم بڵێن دارسمە، کەندەسمە یان کلک هەڵتەکێنە، خۆ دەتوانم ببم بە بولبولیش. ئەگەر بۆنی پیسی ئەمسەر و ئەوسەری ئەم دارە لێم بگەڕێ، وەک بولبول دەچریکێنم. تۆڵەی سیاسییە کوردەکانیش دەکەمەوە. لە جیات ئەوان دێمە دەنگ و شێعر و گۆرانی دەڵێم و شانی سەرچۆپیکێشی شایی و هەڵپەڕكێی نێو دڵم دەگرم و ڕایدەکێشمە سەر گۆڕەپانێکی گەورە و شاییەکە ئەوەندە گەورە دەکەم، هەموو خەڵکی شاروگوند و کۆمەڵگەکان بێنە سەیری و گوێ لە بەندانم بگرن. یەک بەخۆم هاواردەکەم و دەڵێم من نە دارسمەم و نە کەندەسمە و نە کلک هەڵتەکێنە و تەنانات نە بولبولیش. دەبمە مرۆڤ و لەنێو باڵندەکان ڕوو دەکەمە بولبول و دەڵێم من مرۆڤم و پەندی زمانە وای لێ کردووم بڵێم:
«منیش ئەی بولبولی شـەیـدا وەکـوو تـۆم
وەهـا دوورم لـە هێلانە و گوڵی خـۆم
منیش وەک تۆ لەکیسم چوو گوڵی سوور
مـنـیـش هـێـلانـەکـەم لـێکراوە خـاپـوور
هـەتـا دوژمـن نـەگـەوزێـنـێ دە خـوێـنـم
دەخوێنم بۆ گەلی خۆم، هـەر دەخوێنـم …»
نانا، ڕوودەکەمە مرۆڤەکان و دەڵێم ئەم هەموو شایی و لۆغان و هەڵپەڕکێیە بۆ ئەمەیە لە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ٢٧١٩هوە بە هۆی پارچە پارچەبوونی دوژمنێکی تینووی خوێنی کوردان و خوێنڕێژی خوێنی هەزاران ڕۆڵەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، شایی و گەڕیان و ڕۆینە و سێپێیی و سوێچکەیی و شێخانی دەکەم.
یەکجێ بۆگەنێک بەرلووتم دەگرێ و دارەکە بە دووسەری بۆگەنیوەوە بەدەستمەوەیە و ئەمسەر ئەوسەری کێم و جەڕاحەت و زووخاوی یەکتر بوغزاندن و پیلانی ژێربەژێر و خۆفرۆشی لێ دەتکێتەوە. دارە پیسەکە فڕێ دەدەم و بەرەو نێوقەدی درەختێکی ئەستوور دەچم. پەنجەکانم لە تەڵاشە گڕەکەی قایم دەکەم و سەر و دەنووکم دەکەمەوە چەکوشی دارسمین و، بۆ تێرکردنی سکی برسیم بەدوای وردە زیندەوەرەکانی نێو کۆتەرە دارکەدا دەگەڕێم.