کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان و کورد ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی کەسایەتییەکی بەناوبانگ و خۆشناوی شاری مەهاباد بە ناوی ” سلێمان هۆرمۆزیان” بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو ڕاهێنەری زۆرانبازی “کوشتی” مەهاباد و پارێزگای ورمێ و نێوبژیوانی نێونەتەوەیی بوو لە زۆرانبازیدا و کەسێکی خۆشناو و گەلدۆستی ناوچەی مەهاباد و پارێزگای ورمێ و کارمەندی خانەنشینی ئیدارەی “تەئمینی ئیجتماعی” مەهاباد کە ئێوارەی یەکشەممە بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی ڕیخۆڵەوە کۆچی دوایی کردووە .
هەروەها بە دڵسۆزی و تێکۆشانی بۆ پێشگرتن لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە لایەن لاوانی مەهابادەوە و ڕێنوێنی لاوانی ئەو شارە بۆ ڕێگای نیشتمانپەروەری و گەلدۆستی بە ناوبانگ بوو.
جێگای ئاماژەیە کە تەرمی ناوبراو وەکوو ڕێزگرتن لە لایەن شاگردەکانییەوە براوەتە ساڵۆنی زۆرانبازی و دوای ڕێزلێنانی تایبەت بۆ گۆڕستانی بداغ سوڵتانی مەهاباد بەڕێ کراوە.
لە لایەن ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک “سلێمان هۆرمۆزیان” سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی ناوبراو و خەڵکی مەهاباد و هۆگرانی وەرزشی ئەم شارە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.