بێن ڕۆدێس جێگری ڕاوێژكاری ئەمنیەتی میللیی ئامریكا لە لێدوانێكدا بۆ كاناڵی ئەلعەرەبیە، پێداگری لەسەر بڕوای واشینگتۆن لە بابەت پێویستیی وەلانرانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتی سیاسیی سووریە كردو گوتی ئامریكا لەسەر ئەم بڕوایەی خۆی سوورە.
بێن ڕۆدێس هەروەها گوتوویەتی ئامریكا بە مەبەستی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هەوڵە تێكدەرانەو پلانەكانی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا، هاوكاریی عەرەبستانی سعوودیو وڵاتانی شوورای هاوكاریی كەنداو دەكا.
بە وتەی ئەم كاربەدەستە پلەبەرزەی ئامریكا، پشتیوانیی ئێران لە حیزبوڵڵا لە نموونەی ئەم بەرنامانەی كۆماری ئیسلامییەو هاوكاریی كردنی ئامریكا لەگەڵ وڵاتانی كەنداو بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەو مایەپووچ كردنەوەی ئەم پلانانە، لە ڕێگەی زانیاری گۆڕینەوە و بەرگریی نیزامیی هەوایی، وشكانی و دەریایی دەبێ.
ناوبراو هەروەها وتوویەتی سەبارەت بە یەمەن و سووریەشەوە پێوەندییەكی نزیك لەگەڵ عەرەبستان دەگرین.