کەماڵ شەریفی، زیندانیی سیاسیی کورد ٧ ساڵ دوای بەندکرانی لە نامەیەکدا کە لە زیندانەوە داویەتە دەرێ، باسی لە دەرد و ژان و چەرمەسەرییەکانی کردوە.
لە بەشێک لەو نامەیەدا هاتوە لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردوودا تەنیا جارێک مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ دایکی بەوان دراوەو لەو تاقە یەک جارەشدا کە بەتوندترین شێوە چاوەدێرییان خراوەتەسەر؛ رێگە نەدراوە لەگەڵ دایکی بە زمانی کوردی بدوێ، ئەویش لە کاتێکدا کە دایکی زمانی فارسیی نەزانیوە.
کەماڵ شەریفی لە درێژەی نامەکەیدا باسی لە کەموکوڕییەکانی زیندان، بێبەشیی خۆی لە مافە سەرەتاییەکانیو هەڵسوکەوتی ناقانونیی کاربەدەستانی زیندان کردوە.
ئەو ڕۆژنامەنووسو زیندانیی سیاسیی کوردە ساڵی ٨٧ لە هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی دیدارو پێوەندی گرتن بە نووسەران، مامۆستایانی ئایینیو کەسایەتییە فەرهەنگیو هونەرییەکان هاتە سەقزو لە ماڵێ یەکێک لە کتێب فرۆشەکانی ئەو شارە گەمارۆ دراو درایە بەر دەسرێژ. لەو هێڕشەی سپای پاسدارانو ئیتلاعات بۆ سەر ئەو ماڵە کادرێکی حیزبی دێموکڕات بە ناوی شێخ غەریب حەسەنی شەهیدو کەماڵ شەریفی دەسبەسەرو بۆ ماوەی نیزیک بە ٦ مانگ لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا مایەوە.
ئەو لەو ماوەیەدا بە توندترین شێوە ئەشکەنجە کراو لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە وتووێژێکی ویدیۆییو داننانی زۆرەملێ کرا.
کەماڵ شەریفی ساڵی ١٣٨٧ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی سەختو نائینسانیی ڕاگیرانی لە زیندانی مینابداو؛ بەهۆی بێبەشیی لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ مانی لە خواردن گرتو بەو هۆیەش سەکتە لێیداو دەمو چاوو بەشی ڕاستی لەشی ئیفلیج بوو.
کەماڵ شەریفی ئێستا لە زیندانی میناب وێڕای چەند زیندانییەکی سیاسیی دیکە لە نێو تاوانبارانی ماددە هۆشبەرەکاندا بەندکراوەو خەریکی کێشانی ماوە زیندانییەکەی خۆیەتی کە 25 ساڵ لە دوورخراوەییە.