له چه‌ند ڕۆژ له‌وه پێشه‌وه مامۆستایه‌كی كورد له لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری سنه‌وه ده‌سبه‌سه‌ر كراوه، تا ئاماده‌كرانی ئه‌م هه‌واڵه هیچ زانیارییه‌كی ئه‌وتۆ له ناوبراو نه‌زانراوه.
به‌پێی ڕاپۆرتی ماف نیوز، ڕۆژی ٩ی خه‌رمانانی ئه‌مساڵ، مامۆستایه‌كی كورد به ٨ ساڵ پێشینه‌ی كاركردن له ئیداره‌ی فێركردن‌و په‌روه‌رده له لایه‌ن مه‌ئموورانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری سنه‌وه ده‌سبه‌سه‌ر كرا.
عه‌لی حوسێن په‌ناهی مامۆستای كورد له شاری سنه، له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئیتلاعاته‌وه له ماڵی باوكی له شاره‌دێی قروچیای سه‌ربه شاری دێولان ده‌سبه‌سه‌رو، بۆ شوێنێكی ناڕوون گواسترایه‌وه و سه‌ره‌ڕای به‌دواداچوونی بنه‌ماڵه‌كه‌ی بۆ شوێنی ئه‌منیه‌تی و قه‌زاییه‌كانی شاری سنه، به‌ڵام ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ له‌باره‌ی بارودۆخی ناوبراو و شوێنی ڕاگرتن‌و ته‌نانه‌ت هۆكاری ده‌سبه‌سه‌ركرانی هیچ زانیارییه‌ک نه‌زانراوه.
به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته ناوبراو ڕۆژی هه‌ینی له مزگه‌وتی قروچیا دژی كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌ت قسه‌ی كردوه‌و داوای له خه‌ڵك كردوه كه له هه‌مبه‌ر سیاسه‌تی ههڵاواردنو فهرقو جیاوازیدانانی كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بێده‌نگ مه‌بن.
عه‌لی حوسێن په‌ناهی پێشتر بۆ ماوه‌ی ٤ ساڵ دێهیاری شارده‌ێی قروچیا بووه‌و له ئیستادا مامۆستای یه‌كێك له قوتابخانه‌كانی شاری سنه‌یه. ناوبراو دوو ڕۆژ پاش قسه‌كردنی له مزگه‌وتی ئه‌م شاره‌دێیه، له لایه‌ن لیباس شه‌خسییه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاته‌وه ده‌سبه‌سه‌ر كراوه.