رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی دێسامبری ٢٠١٩ی زایینی بە ئامادە بوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەت کەم ئەندامانی سەنگەر و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان ،ڕێز لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان گیرا. ئەو رێوڕەسمە کاتژمێر ٤ونیوی دوانیوەرۆ بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب دەستی پێکرد.
لە سەرەتای بەرنامەکە دا کەریم ڕەسووڵی بە نوێنەرایەتی کومیتەی حیزبی دێموکرات وتەیەکی کورتی پێشکەشی ئامادەبووان کرد کە تێیدا رۆڵی پێشمەرگەی کوردستانی لە خەباتی مافخوازانەی نەتەوەکەمان بەرز نرخاند. کەریم رەسووڵی باسی لەو فیداکاری و لە خۆبردوییانە کرد کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا پێشمەرگە بە پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێ پسانەوە لە بەرزراگرتنی دەنگی ماف ویستی و ئازادیخوازیدا شان بەشانی یەک خەباتیان کردوە. لە درێژەی بەرنامەکاندا بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی واتە کادر و پێشمەرگە بە رابردووەکانی حیزبی دێموکرات لە ژنان و پیاوانی سەنگەر کە لە دەیەی ٦٠ و ٧٠ی هەتاوی قورسایی خەباتی پێشمەرگانەیان لەسەر شان بوو، بە گێڕانەوەی بیرەوەریەکانیان لە قۆناغە سەختەکانی خەباتی بەرگریکارانە دژی سەرکوتکاری و داگیرکارییەکانی کۆماری ئیسلامی، خۆشی و ناخۆشیەکانی شورش و پێشمەرگایەتیان باسکرد. ناوئاخنی بەرنامەکانی تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەز تەرخان کرا بۆ هەریەک لە هونەرمەندان فەرهاد ئالانی و بورهان جوانڕویی کە بە چەند گۆرانی و مەقامی خۆش و سروودی شۆڕشگێڕی گەرم و گوڕی زیاتریان بە ڕێوڕەسمەکە بەخشی.
بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز تەرخان کرابوو بۆ پێشکەشکردنی چەپکەگوڵی رێز و ئەمەگناسی بە کەم ئەندامانی سەرنگەر لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، کە لەو بەشەشدا پولێک لە کەمئەندامانی حیزب لەلایەن بنەماڵەی شەهیدانەوە گوڵی رێزو ئەمەگناسیان پێشکەش بەو تێکۆشەرانە کرد کە بەشێک لە جەستەیان لە خەباتی پێشمەرگانەدا پێشکەش بە شۆڕش و بایەخە بەرزە ئینسانیەکان کردوە.