نازانم چۆن ناوت بێنم
بڵێ بە چیت بشوبهێنم
بە هەڵۆمان كە شوبهاندووی
لە گەورەییمان شكاندووی
هەڵۆ بەرسێرەی كەس نییە
بەرهێرشی تەرەس نییە
هاوخوێنی لێ دوژمن نییە
دەردی وەك دەردی من نییە
ناحەزی ناكەونە شوێنی
تینوو نییە كەس بە خوێنی
لە ماڵی خۆی دەرنەكراوە
هێلانەی لێ نەڕووخاوە
داگیر نەكرا زێد و ماڵی
نەشكێنراوە پەڕ و باڵی
لەسەر بانگی مرۆڤانە
نەخراوەتە بەندیخانە
بێچووی بە دیل نەگیراوە
سێدارەی بۆ هەڵنەخراوە
هاوزمانی بندەست نییە
ناشزانێ ماف و هەق چییە
كە دەشچێتە ڕاوی مەلان
لە پێدەشت و چیا و تەلان
هیچ مەترسیی لەسەر نییە
پێویستی بە سەنگەر نییە
هاوخوێنی بۆ نان و بژیو
بۆ ئێسقان و گۆشتی ڕزیو
ناچێتە نێو ریزی قەلان
نابێتە ڕووڕەشی مەلان
كەچی لە نیشتمانی تۆ
لەنێو ڕەز و بێستانی تۆ
لێرە و لەوێی هەیە پەڵە
تێی كەوتوە زیوان و كەڵە
هێندێ دەبن بە گورگەمێش
خۆ دەفرۆشن لە پاش، لە پێش
دەكەونە پێش گورگی برسی
ژیانت دەخەنە مەترسی
هەر لەو خەڵكەی لە پێناوی
دەكەی خەباتی خوێناوی
هەوڵ دەدەی ئازاد بژین
سەربەستانە و دڵشاد بژین
ناتەوێ دیل و كۆیلە بن
دوژمن نەیانهێنێ لە بن
دەبنە جاش و دێنە شوێنت
بۆ دوژمن دەیڕێژن خوێنت
لەولاشەوە نیشتمانت
زێدی باب و باپیرانت
لە پێش چاوت خاپوور ئەكرێ
بە خوێنی لاوان سوور ئەكرێ
بۆیە تۆ دەستت دایە چەك
هەڵت ماڵی قۆڵ و مەچەك
تا نیشتمان بپارێزی
بپارێزی پێگە و ڕێزی
بەرگی خەباتت كردە بەر
ورەت دایە شاخ و سەنگەر
بووی بە باسكی بەهێزی گەل
ژینت هەموو كردوە بە هەل
ژینی كورت و سەربەرزانە
ئەگەر هەبێ، لە تۆ جوانە
ژیانت وەك مۆمی دەم بایە
لەنێو دڵی خەتەر دایە
بەڵام چركەی كوژانەوەت
دەسپێكە بۆ بووژانەوەت
مردن ناوێرێتە ناوت
چاو نابڕێتە نێو چاوت
لەبەر ناوی تۆ بەزیوە
لای تۆ سەری دانەویوە
تۆ مەرگیشت چرای ڕێیە
لەدایكبوونەوەی نوێیە
تۆ ڕەمزی ژینی هەرمانی
تۆ غیرەتی نیشتمانی
ناوت شنەی هەر چوار وەرزە
نیشتمان سەری پێت بەرزە
پێشمەرگە ناوی هەرمانە
پڕ بە باڵای مێژوومانە
سواڵت لێ دەكا گۆی زەوی
بۆ سامانی وا مەعنەوی
هەر بنازە بە خۆتەوە
ئەو گرەوەت بردۆتەوە
تۆ بە ڕاستی خواپێداوی
پێشەوای كورد ناوی ناوی