قەیرانی بەڕێوەبەری لە کەشتو سەنعەتی مەهاباد بەردەوامەو نیزیک بە ٣٠٠ کەس لە کرێکارو کارمەندەکانی ئەو کۆمەڵە پیشەیییە ماوەی چەند مانگە مووچەیان نەدراوەتێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی “ڕوانگە” لە حاڵێکدا هەموو ڕۆژێ کارمەندو کرێکارانی کۆمەڵەی پیشەیی کەشتو سەنعەتی مەهاباد دەچنەوە سەر کار، بەڵام کاری بەرهەمهێنان لەو پڕۆژەیەدا ڕاگیراوەو خاوەن کارخانەو بەڕێوەبەرانی ئەو کۆمەڵە پیشەییە وازیان لێهێناوە.
کۆمەڵەی پیشەیی کەشتو سەنعەتی مەهاباد یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە ئابوورییەکان لە مەهاباد لە سەردەمی پاشایەتی بوو کە بە مەبەستی میکانیزەکردنی کشتوکاڵ لە ناوچەی مەهاباد وەرێخرا. ئەو پڕۆژە ئابوورییە زەبەلاحە لە ماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیو بە تایبەت لە دەوڵەتی ئەحمەدینژاددا بەهۆی فەسادی ئیداریو گەندەڵیی سیستماتیک لەبەر یەک هەڵتەکا.
کێشەی سەرەکیی کۆمەڵەی پیشەیی کەشتو سەنعەتی مەهاباد لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە ساڵی ٩١ درایە بەشی کەرتی تایبەتو ئەوەی لەو سێ ساڵەدا لە کەشتو سەنعەتی مەهاباد ماوەیەوە ئەوەیە کە نیزیک بە ٣٠٠ کەس لە کرێکارو کارمەندەکانی ئەو کۆمەڵە پیشەیییە ماوەی چەند مانگە مووچەیان نەدراوەتێ؛ هەروەها مافی بیمەی کرێکارانو بایەخی بیمەی هیچ کام لەوان تێنەکراوە.
ئەو ڕاپۆرتە باسی ئەوەش دەکا کە زیاتر لە 7 میلیارد تمەن مافی ” سەنەوات”ی کارمەندو کرێکارەکانیش تێنەکراوەو پتر لە 5 میلیارد تمەنیش بە خاوەنی پڕۆژەکانی پەلەوەر سەر بەو کۆمەڵەیە قەرزدارە.