لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، ئەندامانی حیزب لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان چالاکی تەبلیغییان ئەنجامدا
ئەندامانی حیزب لە ناوچەکانی سنە و بانە و پیرانشار بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بە نووسینی درووشم و بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەکانی حیزبی ڕێزیان لە جێژنی ٢٦ی سەرماوەز و ڕۆژی پێشمەرگە گرت.
ڕۆژی٢٦ی سەرماوەز ساڵانێکە لە لایەن حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان دیاریکراوە و هەموو ساڵێ لە بەرەبەری ئەو ڕۆژەدا خەڵک و ئەندامانی حیزب لەنێوخۆی وڵات لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان بەو بۆنەوە چالاکی تەبلیغی ئەنجام دەدەن و بەو هەڵوێستە بوێرانەیان پەیمانی وەفا و ئەمەگناسی لەگەڵ ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی گەلەکەمان نوێ دەکەنەوە و دڵسۆزانە ڕێز لە خەبات و زەحمەت و تێکۆشانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان دەگرن.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە خەڵکی ئەمەگناس و نیشتمانپەروەری کوردستان، سپاس و ڕێزی خۆمان ئاڕاستەی ئەندامانی تێکۆشەری حیزبەکەمان لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان دەکەین و هیوای سەرکەوتن و سەرفرازیان لە کار و ئەرکەکانیاندا بۆ بە ئاوات دەخوازین.