دوو لاوی کورد لە شاری کامیاران و ئەیوانی غەرب، کە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر، دەسبەسەر کرابوون لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست دا.
کاوە وەیسانی، خەڵکی گوندی “خامسان”ی کامیاران و دانیشتووی شاری سنە، لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست داوە.
یەکێک لە نزیکانی ئەو لاوە کوردە، ڕایگەیاند “کاوە وەیسانی” لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە، دەسبەسەر کراوە و ڕۆژی هەینی ١٥ی سەرماوەز، تەرمی ناوبراو لە دەورووبەری شاری سنە، دۆزراوەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە هەورەها ئەوەشی خستەڕوو کە بنەماڵەی وەیسانی، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بە بەرپرسی کوژرانی کوڕەکەیان دەزانن
و لە ترسی هەڕەشەکانی هێزە ئیتلاعاتییەکان لە میدیاییکردنی هەواڵی دەسبەسەرکرانی کوڕەکەیان خۆیان بواردبوو.
هەر لەو پێوەندییەدا و لە شاری ئەیوانی غەرب “سەجاد ئیسماعیلی ” کە لە خۆپێشاندانەکاندا دەسبەسەر کرابوو لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارە گیانی لە دەستدا.
شایانی باسە کە خەڵکی ئێران ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەر بە نیشانەی ناڕازی بوون بە گران کردنی بەنزین ناڕەزایەتییەیان دەربڕی و هاتنە سەر شەقامەکان و ئەو داوایەی خەڵک لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە سەرکوت، گرتن و کوشتنی خۆپێشاندەران وەڵام درایەوە کە زیاتر لە ٧٠٠٠ کەس دەسبەسەر کران و سازمانی لێبووردنی نێونەتەوەیی ئاماری ٢٠٨ی کەسی ڕاگەیاندووە کە لە خۆپێشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە. شایانی باسە کە چەند کەس لە شارەکانی ئێڕان و کوردستان لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە دەستداوە.