پێویستیی پێكهێنانی هه‌لی کاری بۆ ده‌یان میلیۆن که‌سی بێکار له ئێران گیروگرفتی گه‌وره‌ی بۆ ده‌وڵه‌ت دروست كردوه.
عه‌لی ڕه‌بیعی، وه‌زیری ته‌عاون، كار‌و خۆشبژیویی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵێ بۆ ده‌ربازبوون له قه‌یرانی بێ‌کاری ده‌بێ تا ٦ ساڵی داهاتوو ٣١ میلیۆن و ٥٠٠ هه‌زار هه‌لی كاریمان هه‌بێ که له ئێستادا ته‌نیا 22 میلیۆنه.
مه‌سعوود نیلی، ڕاوێژكاری باڵای ئابووریی ده‌وڵه‌تی ڕۆحانیش وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی سه‌باره‌ت به‌م قه‌یرانه له داهاتوودا ده‌ڵێ له ماوه‌ی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ته‌نانه‌ت تاكه هه‌لێکی کاریی خالیس له ئێران پێك نه‌هاتووه، له حاڵێكدا كه داهاتی نه‌وت به سه‌دان میلیارد دۆلار بووه‌و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به میلیۆن شوغڵی سه‌نعه‌تی له ئێران فه‌وتاون. وه‌زیری نێوخۆی ئێرانیش پێشتر گوتبووی که له ساڵی ١٤٠٠دا، واته شه‌ش ساڵی دیکه ژماره‌ی بێكارانی ده‌رچووی زانكۆكان له‌م وڵاته سنووری ١١ میلیۆن و ٥٠٠ هه‌زار كه‌س تێده‌په‌ڕێنێ.
عه‌لی ڕه‌بیعی، وه‌زیری كاری ده‌وڵه‌تی یازده‌یه‌م پێشتر ڕایگه‌یاندبوو كه ته‌نیا بۆ پاراستنی نرخی ئێستای بێكاری له ئێران ده‌بێ له هه‌ر ساڵدا ١ میلیۆن هه‌لی کاری پێک بێنن كه هه‌ر به پێی لێكدانه‌وه‌كه‌ی خۆی ئه‌م كاره پێویستی به گه‌شه‌ی ئابووریی سه‌دی ١٠ هه‌یه‌و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ١ تریلیۆن و ١٠٠هه‌زار میلیارد تمه‌ن سه‌رمایه پێویسته.
به‌پێی دوایین زانیارییه‌كانی ناوه‌ندی ئاماری ئێران، له 3 مانگه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا له ٢١ پارێزگای ئه‌م وڵاته، نرخی بێكاری 2 ڕه‌قه‌می بووه‌و خۆراسانی باكوور كه‌مترین ڕێژه‌و پارێزگای ئیلام زۆرترین ڕێژه‌ی بێكاریی له ئێران‌دا بووه.