وه‌حید تاج، هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی ئێرانی باس له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی گه‌شتی كۆنسێرته‌كانی گرووپی ئه‌رده‌شیر كامكار له شاره‌كانی مههابادو سه‌قز ده‌کاو هۆكاری ئه‌وه‌شی بۆ بێ به‌رنامه‌یی كۆمه‌ڵێك له ئاماده‌كارانی ئه‌و کۆنسێرتانه گه‌ڕاندۆته‌وه.
وه‌حید تاج وێڕای ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له كه له‌م كۆنسێرتانه‌ی گرووپی ئه‌رده‌شیر كامكار ته‌نیا كۆنسێرته‌كه‌ی شاری بۆكان به‌ڕێوه‌ده‌چێ، گوتوویه‌تی: به‌هۆی به‌رنامه‌رێژیی خراپ‌و ده‌ستێوه‌ردانی کاربه‌ده‌ستان له شاره‌كانی مه‌هاباد و سه‌قز مامۆستا ئه‌رده‌شیر كامكار بڕیاری داوه ئه‌م كۆنسێرتانه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.
كۆنسێرتی گه‌وره‌ی ئه‌رده‌شیر كامكار ژه‌نیار و ئاهه‌نگسازی مووسیقیی به هاوڕێیه‌تی هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش وه‌حید تاج و حیشمه‌توڵڵا ڕه‌جه‌ب‌زاده، قه‌راربوو له ڕۆژانی یه‌کشه‌ممه تا کۆتایی حه‌وتوو له شاره‌كانی مه‌هاباد، سه‌قز و بۆكان به‌ڕێوه‌بچێ.
ئه‌رده‌شیر كامكار ده‌ڵێ كۆنسێرتی شاری مه‌هاباد به بیانووی جۆراوجۆر هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌و بۆ نموونه له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانه‌وه پێیان گوترابوو كه ئێوه مۆڵه‌تی سالۆنی ٥٠٠ كهسیتان وه‌رگرتووه‌و ئه‌م شوێنه‌ی كۆنسێرته‌كه‌ی لێ به‌ڕێوه ده‌به‌ن ساڵۆنێکی ٥٨٠ كه‌سییه و ده‌بێ مۆڵه‌ت بۆ ئه‌م ٨٠ كه‌سه‌ی دیكه‌ش وه‌ربگیردرێ، یان پێیان گوتوون بۆخۆمان به‌رنامه‌مان هه‌یه و حه‌وتووی ده‌وڵه‌ته‌و به‌رنامه‌كانی خۆمان له ئه‌وله‌وییه‌ت دان.
هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و کۆنسێرتانه له مههابادو سه‌قز له حاڵێک دایه خه‌ڵکێکی زۆر له هۆگرانی موسیقی چاوه‌ڕوانی بوون‌و ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایه‌تیی ئه‌وانی لێ که‌وتۆته‌وه.