خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران دژی حاکمییەتی چل ساڵەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەدان شەهیدی لێکەوتەوە و کاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا.
لە ئێوارەی ٢٤ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی کە خەڵکی ئێران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە چوونەسەری نرخی بێنزین هاتنە سەرشەقامەکان، لەگەڵ دژکردەوەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بەرەوڕووبوونەوە و لە ئاکامدا سەدان کەس شەهید و زیاتر لە هەزار کەس بریندار و هەزاران کەس ڕاپێچی بەندیخانەکان کران.
بەپێی دوایین ئامارەکان کە تا ئێستاش لیستی دروست و تەواو لەبەردەستدا نییە، باس لە کوژرانی ٣٦٦ کەس دەکەن و خەڵکێکی زۆریش بیسەروشوێنن و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لەپێوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران ڕایگەیاند کە سەرکوتکردن و کوشتنی خۆپێشاندەران لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هیچ پاساوێک هەڵناگرێ.
پەروانە سەلحشووری نوێنەری تاران لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ڕەخنەی لە هەڵسووکەوتی دەوڵەتی ڕوحانی گرت سەبارەت بە سەرکوتکردنی و توندوتیژی دژ بە خۆپێشاندەران. ناوبراو ڕایگەیاند کە خەڵک دەنگی ناڕەزایەتی خۆی گەیاند، بەڵام بە گوللە و دەسبەسەرکردن وەڵامیان درایەوە.
حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران ئەو خۆپێشاندانانەی گەلانی ئێرانی بە شەڕ ناوبرد و لە لێدوانێکی پڕ لە هەڕەشەدا ڕایگەیاند کە لەگەڵ هەموان پاکانە حیساب دەکەین و، خۆپێشاندانەکانی بە فیتنە ناوبرد.
یەدوڵڵا جەوانی جێگری فەرماندەی سپای پاسداران ڕایگەیاند کە خۆپێشاندانەکانی ئەمجارە لە ماوەی ئەم چل ساڵەدا بێ وێنە بوو.
لەگەڵ ئەوەی کە باس لە گرتن و دەسبەسەرکرانی ٧٠٠٠ کەس لە خۆپێشاندەران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەکرێ، ئێستاش گەڕان بەدوای خۆپێشاندەراندا هەر درێژەی هەیە و لە بەشێک لە شارەکان ماڵ بە ماڵ بە دوای خەڵکدا دەگەڕێن و دەسبەسەریان دەکەن.
ڕێکخراوی ڕێپۆرتنێرانی بێسنوور هەڕەشە و بەدنێوکردنی هەواڵنێران و ئەزیەت و ئازاری بنەماڵەی هەواڵنێرانی ئێرانی مەحکووم کرد و هەر لەو پێوەندییەدا برایان هۆک نوێنەری تایبەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران داوایکرد کە پێویستە هەمووان دژ بەو هەڵسوکەوت و بڕیارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵویست بگرن.