پەیامی پیرۆزبایی تێکۆشەری دێرینی کورد مامۆستا ئەبووبەکر فەلسەفی
پێرۆز بێت یادی حەفتا ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان
رٶژی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە سەر پێشنیاری سەرۆکی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشەوا قازی موحەممەد ، وە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵەی ژکاف و دەیان کەسایەتی زاناو نێوداری ئەو دەمانەی کورد : حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرا و بو بە ئەستێرەیەکی پڕشەنگدار بە ئاسمانی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروشایەوە و جێگایەکی پڕ لە شانازی لە لاپەرەکانی مێژوی کوردا تۆمار کرد .
حەفتا ساڵ لەمەو بەر ، حیزبی دێموکراتی کوردستان بو بە تاقە پێشرەوی خەباتی نیشتمان پەروەرانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ، بو بە فێرگە و زانستگەی تێکشان و فیداکاری گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا ، بە بە مەدرەسە و ڕێنوێنی بیری ئازادیخوازانی کورد !
بڵیسەی بەتین و تەوەژمی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێشەوا بیرمەند و مەزنەکەی زەمینە ساز بوون بۆ پێک هێنانی کۆماری کوردستان کە لە رۆژی دوی ڕێبەندانی هەمان ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی دا ، لە میتینگیکی دەیان هەزار کەسیدا کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی قازی موحەممەد راگەیندرا ، کە بوو بە مێژوی پڕ لە شانازی بۆ گەلی کورد بە گشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەتی .
مەخابن کۆمارە ساواکەی کەردستان لە دوای یازدەمانگ فەرمانرەوایی بە پیلانی ڕژیمی ستەم شاهی و پشتیوانی نێو دەوڵەتی بە تایبەتی پاشەکشەی یەکیک لە دەوڵەتە زلهێزە یارمەتیدەرەکانی کورد و پێوەندی ژێراوژێری دەربەگەکانی کورد بە رژیمی رەزاشاوە تێک شکێندراو ڕوخێندرا .
حیزبی دێموکراتی کوردستان ، بە ڕەچاوکردن و پێش گرتنی خەباتی نەهێنی ، تێکۆشان و بەرخۆدانی بۆ زیندو راگرتنی حیزب و تۆڵە ئەستاندن لە ڕژێمی سەرەرۆی سەڵتەنەتی پەهلەوی درێژە پێدا !
لە دوای تێپەربوونی حەوت دەیە خەبات و تێکۆشان ، ئیستاش ڕێبازە شۆرشگێرانەکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئامانجەکانی کۆماری شەهید کراوی کوردستان لە دڵی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هەر وا زیندون و بە زیندویی دەمێننەوە .
حیزبی دێموکراتی کوردستان ، کە بناخەدانەرو دامەزرێنەری کۆماری کوردستانە ، ئەوە حەفتا ساڵە ئاڵای کۆمار و خەباتی بۆ وەدیهێنانەوەی دووبارەی ئامانجەکانی گەلی کوردی هەروا شەکاوە راگرتووە کە تا ئیستا بە هەزاران پێشمەرگەی گێانبازو ئەندامی خەباتگێرو کارامەی بوونە ڕێگای پێرۆزی خەبات .
هەزاران سڵاو لە کاروانی پڕ شکۆی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سڵاو لە حیزبی دێموکراتی کوردستان وەدێهێنەری ئامانجەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان
بەرزو پێرۆز بێ یادی حەفتا ساڵەی خەباتی نەپساوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان
٧ی٨ی٢٠١٥ – ئەبوبەکر فەلسەفی – فینلاند شاری تورکو