هەواڵدەرییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاویانکردەوە کە “مەهدی ئاخوندی” کوڕی عەباس ئاخوندی، وەزیری پێشووی ڕێگاوبان و “شەهرام ئیجتهادی”، ڕاوێژکاری ناوبراو، بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی دەسبەسەر کراون.
هەواڵدەریی فارس ڕۆژی یەکشەممە ٣ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە “شەهرام ئیجتهادی” و مەهدی ئاخوندی” بە هۆی خزمایەتی و نزیک بوونیان لەگەڵ کاربەدەستانی پلە بەرزی دەوڵەت خەریکی گەندەڵیی دارایی بوون و پووڵێکی زۆریان لە پەیمانکاران وەرگرتووە.
پێشتریش حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری ئێران و کاربەدەستانی دەوڵەت، دەزگای قەزایی ئێرانیان بە هەڵسووکەوتی “جیناحی لەپێوەندی لەگەڵ گەندەڵی تۆمەتبار کردبوو.
عەباسی ئاخوندی” لە دەوڵەتی حەسەن روحانی و هەروەها لە دەوڵەتی هاشمی ڕەفسەنجانی دا، وەزیری ڕێگاوبان بووە. ناوبراو پێشتر سێ جار لێپرسینەوەی لێکرا کە لە ئاکامدا بە هاوکاری نوێنەرانی مەجلیس و پشتیوانی كردن لە ناوبراو لە سەر پۆستەکەی مایەوە.
عەباس ئاخوندی، لە ساڵی ٩٧ی هەتاوی دەستی لە کار کێشایەوە.
جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە لە نیزامی گەندەڵی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دزی و گەندەڵی لە بەرپرسانی پلە بەرزی نیزامەوە دەستی پێکردووە و هەموو جومگەکانی حاکمییەتی گرتۆتەوە و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ. گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا بۆتە دیاردەیەکی بەرچاو و ئەوەش بۆتە هۆی ناڕەزایەتی گەلانی ئێران.