عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێراق ڕۆژی هەینی ١ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی لە فتوایەکدا کە بۆ شیعەکانی شوێنکەوتووی خۆی دەریکرد، کوشتنی خۆپیشاندەرانی ئێرانیی بە ناڕەوا و حەرام وەسفکرد و جەختیکردەوە کە فەرمانی خامنەیی بۆ کوشتنی خۆپیشاندەران ناڕەوایە.
نوێنەری سیستانی”عەبدولمەهدی کەربەلایی”کە بە نوێنەرایەتی سیستانی پێشنوێژی نوێژی هەینی دەکا، ڕۆژی هەینی ڕابردوو ڕایگەیاند کە کوشتنی خۆپیشاندەران ناڕەوایە و دەبێ وەڵامی داخوازیی خۆپیشاندەران بدرێتەوە کە ئەمە ڕیک بە پێچەوانەی فتواکەی خامنەییە بۆ کوشتنی خۆپیشاندەرەکان.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە خامنەیی خۆپیشاندەرانی ئێرانی کە چل ساڵە بۆ داواکردنی سەرەتاییترین مافی خۆیان بەرەوڕووی کوشتن و ئەشکەنجەو زیندان دەبنەوە، بە ئاژاوەگێڕ و تێکدەر ناوبردووە و ڕۆژنامەی “کەیهان” هەڕەشەی کوشتن لە خۆپیشاندەران دەکات.
شایەنی باسەکە سیستانی لە ماوەی چل ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێراندا یەکجاریش سەفەری بۆ ئێران نەکردووە و دژ بە بیرۆکەی ویلایەتی فەقێیە کە ئاخوندەکانی ئێران و بناغەدانەری ڕێژیمی خوێنمژی کۆماری ئیسلامی، واتە خومەینی بۆ دەسگرتن بەسەر دەسەڵاتی سیاسی ئێراندا کردیان بە یاسای دەسەڵاتی توتالیتێری مەزهەبیی خۆیان.