کۆنگرەی 17ی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە ڕۆژانی 19 و 20ی خەزەڵوەردا بەسترا، بەڵگەنامەیەکی لەژێر ناوی «بڕیارنامه و ڕاسپارده‌کانی کۆنگره‌ی حه‌ڤده‌یه‌می حیزبی دێموکراتی کوردستان»دا پەسند کرد. بڕیارنامه و ڕاسپارده‌کانی کۆنگره دوو بەشن، بەشی ئاشکرا و ڕوو بە دەرەوە، لەگەڵ بەشی نێوخۆیی و تەشکیلاتی.
ئەوەی لێرەدا دەخرێتە ڕوو، بەشی ئاشکرا و ڕوو بە دەرەوەی بڕیارنامه و ڕاسپارده‌کانی کۆنگره‌ی17ی حیزبی دێموکراتی کوردستانە.
ئهلف. هه‌ڵوێستمان له‌باره‌ی کۆمه‌ڵێک پرسی گشتیی جیهان، ئێران و کوردستان
١) ڕووداو و ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌کانی جیهان له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا نیشانده‌ری لاوازبوونه‌وه‌ی مێکانیزمه‌کانی هاوکاریی نێوده‌وڵه‌تی و ڕه‌وتی ڕوو به داخرانه‌وه‌ی زیاتری به‌شێك له جه‌مسه‌ر و ده‌وڵه‌تانی مه‌تره‌ح له پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تیه‌کاندا به‌سه‌ر خۆیاندایه. ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین که ته‌نیا کاتێک ئاینده‌یه‌کی باشتر چاوه‌ڕوانی مرۆڤایه‌تی و جیهان ده‌بێ که بنه‌ما و مێکانیزمه‌کانی هاوکاریی نێوان ده‌وڵه‌تان به‌له‌به‌رچاو گرتنی ویست و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵک و پێکهاته‌کانی وڵاتان به‌هێز بکرێن و چیدیکه تاکڕه‌وی و ململانه‌ی نێوان هێزه گه‌وره‌کان نه‌بێته هۆی درێژبوونه‌وه و بێ‌وڵام هێشتنه‌وه‌ی قه‌یرانه سیاسی و ئینسانی و ژینگه‌ییه‌کان. ئه‌مه به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست گرینگه.
٢) سه‌باره‌ت به فشاره نێوده‌وڵه‌تی و گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانی سه‌ر ئێران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه که تێکچوونی زیاتری ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک به‌هۆی ته‌حریمه‌کانه‌وه جێگه‌ی داخه، به‌ڵام کۆماری ئیسلامی که له‌ڕاستیدا خه‌ڵکی ئێرانی به بارمته گرتوه، به به‌رپرسیاری ئه‌و دۆخه ده‌زانین. وێڕای به‌پێویست زانینی هه‌ر جۆره فشارێکی نێوده‌وڵه‌تی که مه‌یدانی مانۆڕی خراپکارانه‌ی کۆماری ئیسلامی له ناوچه‌دا به‌رته‌سک بکاته‌وه، له‌و باوه‌ڕه‌داین که پێویسته کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی له مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی‌دا چیدیکه ته‌نیا خۆی له په‌روه‌نده ئه‌منیه‌تییه‌کانی وه‌ک پرۆگرامی ناو‌کی و سه‌قامگیریی ناوچه‌دا قه‌تیس نه‌کاته‌وه. به‌ڵکوو زیاتر سه‌رنج بداته پرسی ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵك و پێکهاته‌کانی نێو ئێران و نوێنه‌رانی راسته‌قینه‌ی ئه‌وان به موخاتب وه‌ربگرێ هه‌تا خه‌باتی خه‌ڵک به‌دژی ڕێژیم له یه‌کلا کردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و نیزامه‌دا کاریگه‌رتر بێ و ئاینده‌یه‌کی ڕوونتریش بۆ گه‌لانی ئێران له‌ڕێدا بێ.
٣) هه‌ڵوێست و سهفبهندییهکانی نێوخۆی کۆماری ئیسلامی له ساڵانی دواییدا باشتر له ڕابردوو ناکارامه‌یی و بێئیراده‌یی ڕێژیم له ته‌واوه‌تیی خۆیدا بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی وڵات و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان و گوێگرتن له په‌یامی خه‌ڵكی نیشان داوه. هه‌رله‌وکاته‌دا وێڕای باڵاده‌ستیی نیهاده ئه‌منیه‌تییه‌كان و ڕێبه‌ریی نیزام له جومگه‌کانی ئیداره‌ی وڵات و دیاریکردنی سیاسه‌ته نێوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کانی ئێران‌دا، جیاوازییه‌کی جه‌وهه‌ری له هه‌ڵوێست و ڕه‌فتاری باڵه جیاکانی نێو ڕێژیم سه‌باره‌ت به‌و پرسانه که بۆ خه‌ڵك گرینگن به‌دی ناکرێ. هه‌ربۆیه به باوه‌ڕی ئێمه تا کاتێک جیاوازییه‌کی راسته‌قینه له ڕوانگه و ره‌فتاری لاباڵه‌کانی ڕێژیم‌دا نه‌هاتۆته پێش (شتێک که به‌دوور ده‌زانرێ)، پێویسته خه‌ڵکی ئێران هه‌روه‌ک له دوو ساڵی ڕابردوودا نیشانیان داوه، هه‌روا کۆی ڕێژیم به ئامانج بگرن.
٤/ کۆمه‌ڵگەی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وێڕای ئه‌وه که نابێ له به‌رامبه‌ر پرۆسه سیاسییه سه‌راسه‌رییه‌کانی ئێران غافڵ و بێتهفاوهت بێ، پێویسته ئه‌وله‌ویه‌تی کاری حه‌ره‌که‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای تایبه‌تمه‌ندیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و به پێناسه‌یه‌کی قائم به زات و به‌شێوه‌ی هه‌رچی یه‌كگرتووانه‌تر و مه‌یدانیتر بێ.
٥/ له‌باره‌ی پرسی کورد له پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا، پشتیوانی له خه‌باتی ڕه‌وای کورد له‌و پارچانه‌دا و له هه‌ر چه‌شنه ده‌رفه‌تێکی پێشوه‌چوونی پرسه‌که‌یان ده‌که‌ین. هه‌ر له‌و کاته‌دا جه‌خت له‌سه‌ر یه‌کبوونی نێوماڵی کورد له هه‌رکام له‌و پارچانه‌دا و ته‌عامولی نێوان پارچه‌کان به ڕوحێکی نه‌ته‌وه‌یی و به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی و پێویستییه خه‌باتگێڕییه‌کانی یه‌كتر ده‌كه‌ینه‌وه.
ب. گوتاری سیاسیی حیزب
١/ به حوکمی ئه‌وه که رێبه‌ریی به‌كۆمه‌ڵ له حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا ئه‌سڵێکی هه‌میشه‌ییه، هه‌رچه‌شنه هه‌ڵوێستێکی سیاسیی که‌لان که نوێ بێ یان جیاوازیی له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌کانی پێشووی حیزب هه‌بێ، به‌ر له ده‌ربڕین و راگه‌یاندن، پێویسته له چوارچێوه‌ی گونجاوی خۆیدا بکه‌وێته به‌ر ڕاوێژ و بڕیاری له‌سه‌ر بدرێ. به‌رپرسانی حیزبی له هیچ پله و مهوقعییهتێکدا له ده‌ره‌وه‌ی حیزب نابێ به‌پێچه‌وانه و جیاواز له سیاسه‌تی ڕه‌سمیی حیزب بدوێن و بجوڵێنه‌وه.
٢/ به هه‌موو ئه‌و قابلییهتانه بۆ پێداچوونه‌وه و زه‌رفیه‌تسازیی سیاسی و ڕێکخراوه‌یی که حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هه‌یه‌تی، ئه‌و حیزبه له‌ڕووی ناسنامه‌ی سیاسییه‌وه میراتگری جه‌وهه‌ره‌ی نه‌گۆڕی سامانی مه‌عنه‌وی و گوتاریی حیزب له سه‌رده‌می کۆماری کوردستان و مه‌ودای نێوان دوو نیزامی پاشایه‌تی و کۆماری ئیسلامی بگره تا پاش شۆڕشی ١٣٥٧ و قۆناغه‌کانی دواتری خه‌باته.
٣/ حیزبی دێموکراتی کوردستان وه‌ك حیزبێكی شۆڕشگێڕ خوازیاری کۆتایی هاتنی دیکتاتۆڕی له ئێران و گۆڕینی کۆماری ئیسلامییه. پشتیوانی له مێتۆده مه‌ده‌نییه‌کانی خه‌بات _سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی به‌ستێنی واقعیی بردنه‌پێشی ئه‌م جۆره له خه‌بات له‌ژێر حاکمیه‌تی کۆماری ئیسلامی‌دا_ به‌مه‌به‌ستی هێنانه مه‌یدانی خه‌ڵک و به چالش کێشانی ڕێژیمه و به‌پێچه‌وانه‌ی هێندێک ته‌فسیر که له هێندێک له سیاسه‌ت و ده‌ربڕینه‌کانمان کراوه، به مانای باوه‌ڕ به ئیمکانی ڕیفۆرمی ڕێژیم نییه.
٤) ڕیساله‌تی خه‌باتگێڕیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان چاره‌سه‌ری پرسی کورد وه‌ك پرسێکی سیاسییه. ئه‌مه پێشگیری له‌وه ناکا که پشتیوانی له خواسته فه‌رهه‌نگییه‌کان و داواکاریی چین و توێژه‌کان و به‌گشتی ئه‌و پرسانه‌ی بابه‌تی ڕۆژانه‌ی خه‌باتی جه‌ماوه‌رین بکه‌ین، به‌ڵام هه‌میشه ده‌بێ دووره‌دیمه‌نی ستراتژیک و نه‌ته‌وایه‌تیی خه‌باتی خۆمانمان له‌به‌رچاو بێ.
٥) باوه‌ڕ به ڕێگاچاره‌ی ئاشتیخوازانه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران پره‌نسیپێکی هه‌میشه‌یی حیزبی دێموکراته. به‌ڵام ڕه‌فتاری کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی کوردستان و حیزبی ئێمه و ئه‌زموونمان له‌بواری وتووێژدا به ئێمه ده‌ڵێ که ڕێژیم هه‌میشه وتووێژی بۆ مه‌به‌ستی به‌دخوازانه و خراپکارانه‌ی خۆی به‌کار بردوه. ئه‌گه‌ر کۆماری ئیسلامی به‌ڕاستی بیهه‌وێ وتووێژ بکا، ئه‌وه ده‌بێ به ڕه‌چاوکردنی کۆمه‌ڵێک مه‌رج و پره‌نسیپ (وه‌ك به‌ڕێوه‌چوونی وتووێژ به بوونی لایه‌نێكی سێهه‌م وه‌ک چاوه‌دێر؛ مه‌علووم بوون و حیساب له‌سه‌ر کرانی پله و ئیعتباری نوێنه‌رانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر؛ وتووێژ له‌سه‌ر خواسته‌کانی گه‌لی کورد) بێ. هه‌ر جۆره وتووێژێک ده‌بێ به ئاگاداری و له چوارچێوه‌ی بڕیاری ئوسووڵیی ڕێبه‌ریی حیزب‌دا بێ و قۆناغی ئه‌سڵیی وتووێژی ڕاسته‌وخۆش پێویسته چه‌ندی ده‌كرێ به هه‌ماهه‌نگی و هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ پارته سه‌ره‌کییه‌کانی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵات بێ.
٦) حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له به‌خۆداچوونه‌وه و زەرفییهتسازیی ڕێکخراوه‌یی و سیاسی‌دا هه‌میشه ڕچه‌شکێن بووه. سه‌یرکردنی ڕابردووی خه‌باتی خۆمان به چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به که‌موکوڕییه‌کانی نێوخۆی بزوتنه‌وه و کۆمه‌ڵگەی سیاسیی کوردستان شتێکی به‌جێ و پێویسته. به‌ڵام له‌و کاره‌دا هه‌میشه ده‌بێ شکۆی خه‌بات و خۆڕاگریی شۆڕشگێڕانه‌مان و ڕه‌وایی بڕیاری خۆڕاگریی چه‌کدارانه له به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی تهواوویستانه و شه‌ڕخوازانه‌ی کۆماری ئیسلامی پارێزراو بێ.
٧) دێموکڕاسی هه‌م وه‌ک ئیدهئالێكی کارپێکراوی ژیانی سیاسی و ڕێكخراوه‌یی حیزبی دێموکڕات و هه‌م وه‌ک گونجاوترین به‌ستێن بۆ گفتگۆ و چاره‌سه‌ری کێشه‌کان، له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئامانج و به‌هاکانی حیزبی ئێمه‌یه. هه‌ر له‌وکاته‌دا ئه‌وله‌ویه‌تی خه‌باتی ئێمه مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و پرسی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستانه. هه‌ربۆیه جۆری مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ پرۆسه سیاسییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و ئایندهی ئێران پێش هه‌موو شتێك له‌سه‌ر بنه‌مای تایبه‌تمه‌ندیی کوردستان و پرسی کورده.
٨/ دروشمی فیدرالیزم وه‌ك گونجاوترین سیستم بۆ ئیداره و پێکه‌وه‌ژیان له ئێران‌دا شیاوی گرینگی‌پێدان و کار له سه‌رکردنی زیاتره. به‌ڵام ئه‌و ئه‌وله‌ویه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی پرسی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان که له به‌ندی پێشوودا باس کرا، ده‌ستئاوه‌ڵایی پێویستمان ده‌داتێ که هاوشان له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌کانی دیکه‌ی کوردستان له داهاتوودا به‌پێی ویستی خه‌ڵكی کوردستان و واقعیات و مومکیناتی هه‌ر قۆناغێک (به‌بێ له‌بیرکردنی جه‌وهه‌ری مافی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان) بجووڵێینه‌وه.
٩) خه‌بات بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێران‌دا نابێ ئه‌و ڕاستییه‌مان لێ بشارێته‌وه که کورد یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه و کوردستان یه‌ک نیشتمانه دابه‌ش کراوه. له عه‌ینی فیدرالیخوازیدا ئێمه به‌پشت به‌ستنی زیاتر به مانای مافی دیاریکردنی چاره‌نووس وه‌ک ئیراده‌یه‌کی هه‌میشه ئازاد، لەسەر گوتاری سهروهریخوازانهمان بەردەوام دەبین. هەروەها پێویسته ئه‌و چه‌مک و هێمایانه‌ی ته‌عبیر له سه‌روه‌ریی گه‌له‌که‌مان ده‌كه‌ن (کۆمار، نه‌ته‌وه، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، … هتد) له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و په‌روه‌رده‌ی هزریماندا زیاتر کاریان له‌سه‌ر بکرێ.
١٠) حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له عه‌ینی ئه‌وله‌ویه‌تدان به خه‌بات له ڕۆژهەڵاتی کوردستان و درێژه‌دان به پره‌نسیپی ڕۆژههڵاتتهوهری، هاوپێوه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی نێوان پارچه‌کانی کوردستان (سه‌ره‌ڕای هه‌موو که‌موکوڕی و لاسه‌نگییه‌کانی) به شتێکی پێویست ده‌زانێ. هاوکات پێمان وایه هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان ده‌بێ بۆخۆی نوێنه‌رایه‌تیی به‌رژه‌وه‌ندی و ئاجێندای خه‌باتی خۆی بکا و موخالفی ده‌ستێوه‌ردانی هه‌ر پارچه‌یه‌ک له کاروباری پارچه‌یه‌کی دیکه‌داین. ڕێبه‌ریی حیزب پێویسته له به‌رامبه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی له‌م چه‌شنه له ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا به‌رنامه‌ی وا دابڕێژێ که ئه‌وه‌نده کاریگه‌رییه‌ی هه‌بێ که سنوورێك بۆ ئه‌و جۆره ده‌ستێوه‌ردانانه دابنێ، ئه‌وه‌نده‌ش به‌رپرسیارانه بێ که گرژی و نێوان ناخۆشی له‌گه‌ڵ هێزی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانی لێ نه‌که‌وێته‌وه.
ج. حیزب و کۆمه‌ڵگە
١) گوتار و به‌رنامه‌مان له‌بواری ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا ڕوو به ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویسته له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه هه‌مه‌لاگیر بێ و هه‌موو فره‌چه‌شنییه‌کانی نێوخۆی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه له‌به‌رچاو بگرێ. هه‌رچه‌شنه گوتار و ڕه‌فتارێک که به فه‌رق و جیاوازی‌دانان له‌نێوان جۆراوجۆرییه فه‌رهه‌نگییه‌کانی نێو ئه‌م کۆمهلگەیه لێک بدرێته‌وه و درزه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگە زیاد بکا، پێویسته خۆی لێ ببوێردرێ.
٢) حیزبی ئێمه پێویسته له ڕێگای تیمی کارناسه‌وه به‌دواداچوون و چاوه‌دێریی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کێشه و چاوه‌ڕوانییه‌کانی خه‌ڵک له هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانه‌وه به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی پرسه ستراتژییه‌کان(سنووره‌كانی خاک، دێمۆگرافی، ژینگه، تایبه‌تمه‌ندییه لۆکاڵییه‌کان، ئارێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌تایبه‌تی مه‌وادی موخه‌دیر، بنیاتگه‌رایی ئیسلامی‌و … هتد) بکا و له سیاسه‌تسازی و به‌رنامه‌ڕێژیی کار و تێکۆشانی‌دا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و خوێندنه‌وه و به‌دواداچوونه بجووڵێته‌وه.
٣) ته‌شکیلاتی ئێمه پێویسته به ڕێکاری گونجاو له نێوخۆ و له ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی حیزب فراوانتر بکاته‌وه و بۆ راکێشانی که‌سایه‌تییه شوێندانه‌ره‌کان زیاتر تێ‌بکۆشێ. به‌رنامه‌ڕێژی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌توانێ زۆر ڕێکار بگرێته‌وه و له‌و پێوه‌ندییه‌دا کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌توانێ وه‌کاله‌ت بۆ هێندێک هه‌نگاوی تایبه‌تی بداته ده‌فته‌ری سیاسی.
٤) ناوچه‌کانی باکوور و باشووری ڕۆژهه‌ڵات (ورمێ، کرماشان، ئیلام، له‌کستان) و ناوچه کوردنشینه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات (به‌تایبه‌تی خوراسان) پێویسته له گوتار و مێدیا و به‌ڕێوه‌به‌ری و ته‌شکیلاتی حیزب‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زیاتریان هه‌بێ و له به‌رنامه‌ڕێژیی کار و تێکۆشانمان روو به‌و ناوچانه تایبه‌تمه‌ندییان وه‌به‌رچاو بگیرێ. به‌رنامه و گوتاری حیزب بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێران پێویسته له‌ڕووی حقوقییه‌وه وڵامی بۆ مافه‌کان و هه‌ستیاریی نه‌ته‌وایه‌تیی کورده‌کانی دانیشتووی ئه‌و شار و ناوچانه‌ی ئێران هه‌بێ که له‌ڕووی مێژووییه‌وه به‌شێک له خاکی کوردستان نین، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی چڕ کوردیان لێ ده‌ژی.
د. مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه
١) له به‌ستێنی دیپڵۆماسی‌دا پێویسته حیزبی ئێمه به‌رنامه‌ڕێژیی ورد و به‌ربڵاو بۆ ڕاکێشانی سه‌رنج و پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ خه‌باتی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکا. ئێمه وێڕای پابه‌ندیمان به به‌ها سۆسیال دێموکراتییه‌کان وه‌ک ئیده‌ئالێک بۆ ئایندهی کۆمه‌ڵگەی خۆمان، پێویسته له به‌ستێنی نێونه‌ته‌وه‌ییدا به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی سنووربه‌ندییه ئیدئۆلۆژییه‌کان بجوڵێینه‌وه و ئه‌وله‌ویه‌تیش بده‌ینه ئه‌و کاناڵ و ناوه‌ندانه‌ی به‌رهه‌می مهلمووسیان له به‌رژوه‌ندیی خه‌باتی گه‌له‌که‌مان لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
٢) له مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ هێزه ئێرانییه‌کاندا هاتوچۆ و گفتگۆ له‌گه‌ڵ هه‌موو ته‌یفه‌کانی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی چ له نێوخۆ و چ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به پێویست ده‌زانین. به‌ڵام بۆ هاوکاری و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌و هێز و ته‌یفانه، به‌پێی ماهیه‌تی دێموکراتیکی ئه‌وان و له‌وه‌ش گرینگتر راده‌ی باوه‌ڕیان به به‌ڕه‌سمی ناسینی مافه‌کانی گه‌لی کورد له ئێران‌دا ده‌جوڵێینه‌وه. سهبارهتبهو ته‌یفانه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی که گه‌لی ئێمه ئه‌زموونی تاڵی له‌گه‌ڵیان هه‌یه، پێویسته پێش هه‌ر جۆره نزیکبوونه‌وه و سازانێک، ئه‌وان حازر بن ڕه‌خنه له ڕه‌فتاری رابردووی خۆیان بگرن یا لانیکه‌م به جۆرێك بدوێن و بجوڵێنه‌وه که نیشانه‌ی نهگرتنهوهبهری ئاقاره خراپه‌کانی ڕابردوویان ده‌رهه‌ق به گه‌له‌که‌مان بێ.
٣) له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پێکهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی دراوسێی کورد له ئێران‌دا (به‌تایبه‌تی ئازه‌رییه‌کان) پێویسته سیاسه‌ت و تێکۆشانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات بۆ جێخستنی مه‌یدانداریی ڕه‌وای کورد له هه‌موو بوار و جومگه‌کانی ئاینده و ئاسایشی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد هاوکات له‌گه‌ڵ هه‌وڵدان بۆ لێکگه‌یشتن و پێکه‌وه‌ژیانی سالم و بنیاتنه‌ر بێ.
٤) تاکڕه‌ویی حیزبه‌کان به قازانجی سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی گه‌له‌که‌مان نازانین، هه‌ربۆیه له به‌ستێنی کاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، وێڕای ڕۆڵی مێحوه‌ری و کارسازی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌ده‌ینه گه‌شه‌کردنی «ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران» به چه‌شنێک که هه‌م بنه‌ماکه‌ی به‌شێوه‌ی ئوسووڵی فراوان بێته‌وه و هه‌م سازوکاری جیدی و به‌کرده‌وه‌ی له بواره سهرهکییهكانی کار و خه‌باتی هاوبه‌شدا (سیاسی و گوتاری، جه‌ماوه‌ری، پێشمه‌رگانه، مێدیایی، دیپڵۆماسی) و ئاماده‌بوون بۆ قۆناغی ئینتقالیی بۆ دابین بکرێ.
٥) باوه‌ڕمان به زه‌رووره‌تی یه‌كگرتنه‌وه‌ی دێموکراته‌کان له جێی خۆیه‌تی و کاری بۆ ده‌که‌ین. به‌ڵام وێڕای هه‌وڵدان بۆ سه‌رکه‌وتنی هه‌وڵه‌کان له‌و پێوه‌ندییه‌دا، پێویسته ئه‌و هه‌وڵانه له‌پێناو یهكگرتنهوهیهکی هاوسه‌نگدا بێ. له‌هه‌رحاڵدا حیزبی دێموکراتی کوردستان ژیانی سیاسی و رێکخراوه‌یی خۆی به‌و پرسه نابه‌ستێته‌وه و کار له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندیی خۆی ده‌كا.