لەسەر ئەو تووندوتیژییانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە خۆپیشاندەران، هەریەکە لە ئەمریکا، ئەڵمانیا و فەرەنسا هۆشداری دەدەنە ڕێژیمی ئاخوندی و داوای لێدەکەن رێز لە مافی خۆپێشاندەران بگرێت و واز لە کوشتنی خەڵک بهێنێت.
لە رۆژی هەینییەوە خۆپێشاندانەکانی ئێران بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینەوە دەستیانپێکردووە و تاوەکو ئێستا خۆپێشاندانەکان بەردەوامن و لە چەندین شوێن تووندوتیژی و ئاڵۆزییان لێکەوتۆتەوە.
واشنگتۆن بە ئاشکرا پشتیوانی لە خۆپێشاندەرانی ئێران دەکات و کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکیدا رایگەیاندووە: “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیری لە خەڵکی ئێران دەکات لە خۆپێشاندانە ئاشتییانەکەی دژ بەو رێژێمەی کە لەڕاستیدا دەبووایە رابەرایەتیی خەڵکی بکردایە، سەرکۆنەی هێزی بکوژ و گرتنەبەری رێکاری تایبەت بە سنووردارکردنی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن دژ بە خۆپێشاندەران دەکەین.
هاوکات بەپێی توویتێکی جود دیر، جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە باسیان لە پرسی ئەتۆمیی ئێران و هەروەها خۆپێشاندانەکانی ئەو وڵاتە کردووە
هەروەها فەرەنسا و ئەڵمانیا داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەن رێز لە ئازادیی رادەربڕین لە وڵاتەکەیان بگرن و نیگەرانیی خۆشیان بەرامبەر بە تووندوتیژییەکان دژی خۆپێشاندەران دەردەبڕن.
ئولرایک دیمێر، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت: “ئێمە بە نیگەرانییەوە چاودێریی پەرەسەندنەکانی خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکەین، بەتایبەتیش ئەو راپۆرتانەی باس لە قوربانییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە دەستگیرکردن دەکەن. ئێمە داوا لە حکومەتی تاران دەکەین رێز لە کۆبوونەوە و ئازادیی رادەبڕین بگرێت. خەڵکی ئێران دەبێت دەرفەتی ئەوەیان هەبێت ئازادانە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان لەبارەی دۆخی سیاسی و ئابوورییەوە دەرببڕن.
شایەنی باسە لە تازەترین لێدواندا “مایک پێنس” جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا دژبە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و بۆ پشتیوانی لە خۆپێشاندەران توویتێکی نووسیوە وپشتیوانی ئەمریکای بۆ خەڵکی ئێران دووپاتکردۆتەوە.