دوابەدوای کوژران و برینداربوونی هاووڵاتیان لە شارەکانی کوردستان و زۆربەی شارەکانی ئێران، فەرمانداری مەریوان لەوبارەوە رایگەیاندووە کە چەند کەسێک لە خەڵکی مەریوان کوژراون بەڵام ئێمە ناتوانین ڕادەی کوژراوەکان ڕابگەیەنین و بڵێین کە چەند کەس کوژراون.
لەو نێوەدا سەرکوتکەران و هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشی ڕاستەوخۆ دەکەنە سەر خەڵک و تەقەیان لێ دەکەن. خەڵکی مەریوان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێژەیەکی زۆریان لە خەڵکی ناڕازی کوشتووە و زۆرکەسیشیان بریندار کردووە، بەڵام فەرمانداری مەریوان هەر وەکوو کاربەدەستانی دیکەی کۆماری ئیسلامی دەڵێ: “کەسانێکی زۆر کەم کوژراون و ڕێژەیەکی کەمیش بریندار کراون”. ئەوە لە کاتێکدایە کە هەواڵەکان باس لە کوژرانی ١٥ کەس دەکەن بەڵام خەڵک دەڵێن زیاتر لە ١٥ کەس کوژراوە و چەند تەرمێکیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان کردۆتەوە و پێیان ڕاگەیاندوون کە دەبێ بە بێدەنگی بیاننێژن.
هێزە داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم، وێڕای کوشتن و لێدان و بریندارکردنی خەڵکی مەریوان، خەڵکێکی زۆریشیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنی نادیار ڕایانگواستوون.
شایانی باسە کە فەرمانداری مەریوان، دۆخی ئەو شارە بە ئاسایی ناو دەبا، بەڵام کەس لە بازاڕ نییە، دووکان و بازار داخراون و خەڵک تووڕەتر لە پێشوو، دێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیان بەو دۆخە دەردەبڕن.