سەرڕای توندترکردنی گوشاروسەرکوت، شوێنە نیزامی و حکوومەتییەکان دەکەونە بەر پەلاماری هێزی خەڵک و ئاگریان تێبەردەدرێ.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی “کوردستان و کورد” ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، خەڵکی قارەمانی کرماشان هەڵمەتیان بردە سەر کەڵانتەری ١٨ی ئاریاشاری کرماشان و سووتاندیان.
هەواڵەکە باس لەوە دەکا کە هەموو چەک و چۆڵ و کەرەستەی کەڵانتەرییەکە کەوتۆتە دەستی خەڵکی بەشەرەفی کرماشان.
شایانی باسە کە کرماشان یەکێک لە شارە گرێنگەکانی ئێران و گەورەترین شاری کوردستانە و ڕێژیم حیسابێکی تایبەتی لەسەر کردبوو، بەڵام کرماشانییەکان نیشانیاندا کە چەندە لە کۆماری ئیسلامی بێزارن و کوشتن و گرتن نایانترسێنێ و شێلگیرانە درێژە بە خۆپیشاندانەکانیان دەدەن.
جێگای ئاماژەیە کە تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاماری شەهیدەکانی کرماشان ٢٢کەس ڕاگەیەندراوە.