زیاتر لە ١٢٨٠ ناوەندی بەرهەمهێنان و پیشەیی لە وڵاتی ئێران کێشەی کەمبوونی بوودجە و نەبوونی پشتیوانی ئابوورییان هەیە و ناتوانن درێژە بە کار و بەرهەمهێنان بدەن.
موحەممەد شەریعەتمەداری، وەزیری کار، لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە ١٢٨٠ ناوەندی پیشەیی لە ئێران بوونیان هەیە کە زۆربەیان بە گەورەترین ناوەندەکانی ئێران دێنە ئەژمار و گەورەترین کێشەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پشتیوانیی دارایی.
زۆربەی ئەو ناوەندە بەرهەمهێنەرانە کە لە ئێران کێشەی داراییان بۆ دێتە پێش، ماوەیەک پێش گەمارۆکانی ئەمریکا یەکێک لە بەهێزترین بەشەکانی بەرهەمهێنان و پیشەیی ئێران بوون، بەڵام دوای چڕبوونەوەی گەمارۆکان و بەستنەوەی ڕێگای پێوەندییەکانی ئابووریی ئێران، زیاترین فشارەکان کەوتنە سەر ناوەندە سەنعەتییەکان و زۆربەیان ناچار بوون کە دەست لە کار بکێشنەوە.
نەبوونی پارەی پێویست بۆ کرێکاران و نەبوونی سەرچاوەی دابین کردنی پێویستییە سەرەتاییەکان و زۆر گرفتی دیکە، بووەتە هۆی داخستنی ناوەندە پیشەیی و بەرهەمهێنەرەکان لە ئێران و زیاتر لە سەدان هەزار کەس بەو هۆیەوە بێکار بوون.