بەهۆی گرانکردنی بەنزین لە ئێران، خەڵکی تاران و شیراز و ئەهواز و چەند شارێکی دیکە ڕژانە سەرشەقامەکان و دژ بە دەوڵەتی ڕوحانی دروشمیان دا.
دوای گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێشگرتن لە فرۆشتنی نەوتی ئەم وڵاتە، گرانی و بێکاری و نەبوونی هەموو ئێرانی داگرتوە و دەوڵەتی ڕوحانی لەئاست قەیرانە کەڵەکەبوەکان دەستەوەستانە و ناتوانێ وەڵامدەری خەڵک بێ. لەچەند شوێنێک تێکهەڵچوون لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هاتۆتە ئاراوە و تا ئێستا هەواڵێک لە لایەن هەواڵدەرییەکانی ئێران لەسەر کوژران و برینداربوون و گرتنی خەڵک بڵاونەکراوەتەوە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی سیاسەتە هەڵە و چەوتەکانی، بۆتە هۆی برسیەتی و گرانی و نەک هەر واز لە کردەوەی تێرۆریستی و تێکدەرانەی خۆی ناهێنێ، بەڵکوو هەر ڕۆژە بە جۆرێک هەڵەکانی دووبارە و چەندبارە دەکاتەوە.
خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران ماوەی چل ساڵە باجی هەڵەکانی ڕێژیمی ئاخوندەکان دەدەن و هەر ڕۆژە بەدەست نەهامەتییەکەوە دەناڵێنن.