لە ئەمریکا ١٧ کەس لە ئەندامانی کۆنگرە داوایان لە دۆناڵد تڕامپ کردووە کە بانگهێشتی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ ئەمریکا هەڵوەشێنێتەوە کە لە ٢١ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێ.
ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا دەڵێن کە ئەردۆغان بە هێرشکردنە سەر ڕۆژاوای کوردستان ئاکامی خراپی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا هەبووە. ئەوان ڕایانگەیاند کە لەو هێرشەدا دەوڵەتی تورکیە خەڵکی سڤیلی کردۆتە ئامانج، هەروەها پێیانوایە کە ئەردۆغان دەیهەوێ لە دەوڵەتی ڕووسیە نزیک بێتەوە.
جێی ئاماژەیە کە ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەری ئەمساڵ دەوڵەتی تورکیە هێرشی کردە سەر ڕۆژاوای کوردستان و لەو هێرشەدا سەدان کەس کوژران و بریندار بوون و هەزاران کەسیش ئاوارە و دەربەدەر بوون. ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورکیە ناڕازایەتییەکی زۆری لەنێو سیاسەتوانانی زۆری ئەمریکایی لێکەوتەوە و لەو پێوەندییەدا ڕەخنەی توندیان لە بێهەڵوێستی دۆناڵد تڕامپ گرت و کاردانەوەی بەرینی مێدیایی لێکەوتەوە.