کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پەرەپێدانی سیاسەتەکانی خۆی، ناوەرۆکی کتێبە دەرسییەکانی دەستکاری کردووە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ پەرەپێدان بە سیاسەت و باوەڕە پووچ و ناڕەواکانی، هەوڵی گۆڕینی ناوەرۆکی هەندێ کتێبی دەرسیی قوتابخانەکانی داوە. بۆ نموونە، لە کتێبی قوتابخانە سەرەتاییەکاندا ناوی نووسەران و شاعیران و زانایانی پێشووی سڕیوەتەوە و بەجێگای ئەوان، لە ناوی تێرۆریستە کوژراوەکانی شەڕ وەکوو “موحسن حوجەجی” کەڵک وەردەگرێ و پێشتریش ناوی “مورتەزا ئاڤینی” یەکێک لە کاربەدەستانی ڕێژیم خرابووە نێو کتێبە دەرسییەکان. کاربەدەستانی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن باس لەوە دەکەن کە ئەو بڕیارە بە ئێمە ڕاگەیەندراوە و ئێمەش دەبێ جێبەجێی بکەین.
شایانی باسە کە لە سیستمی فێرکاریی ئێراندا وانەکان لە ئاستێکی زانستیی بەرزدا نیین. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش بەجێگەی کەڵک وەرگرتن لە قوتابخانەکان بۆ پەروەردەی بەڕۆژ و بەهێز، ناوی هەندێ پاسداری تێرۆریست دێنن کە بەجێگەی ئەدەبیات و مێژوو، هەر لە سەرەتای خوێندنەوە دەچێتە مێشکی منداڵەکانەوە و بەوکارە دەیانەوێ مێژوویەکی درۆین درووست بکەن. هەروەها بەو کارە مەبەستیان ئەوەیە کە شێوەیەک لە وێژمان بخەنە نێو ڕەوتی خوێندنەوە کە بە ناوی “ئەدەبیاتی مقاومەت” ناسراوە.