ڕەحیم لوقمانی شاعیر و نووسەری کورد، ساڵی 1339ی هەتاوی لە شاری سەقز لەدایک بووە؛ هەر لەو شارە پەیمانگەی فێرکاریی مامۆستایان واتە دانشسەرای تەواو کردووە و لە قوتابخانەی ئاواییەکانی ئەو مەڵبەندە ئەرکی پیرۆزی مامۆستایەتی، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە وەئەستۆ گرتووە. دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دێتە گۆڕەپانی خەباتەوە و لە سەنگەری ئەدەبیاتەوە بەیداخی شێعر هەڵدەکا، دواتر بەچەن شێعرێکی وەک «من پشکۆیەک لەو ئاگرەم، ڕۆژ لە ئاسۆی سوور شەوق ئەداتەوە، بەدەنگی هونەرمەندی شۆڕشگێڕ نەجمەدین غوڵامی دێنە بەرەکانی خەباتی هونەری و پشکۆی ئاگری بەرخۆدان دەگەشێنێتەوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم سروودانە، واتە ساڵی ١٣٦٤ لە شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەگیرێ و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە ئەرکی پیرۆزی مامۆستایەتی دوور دەخرێتەوە، پاشان بە مەحکوومیەتی کەمکردنەوەی یەک لە سێی مووچەی مامۆستایەتی دەچێتەوە سەر کارەکەی، ئینجا بە ژیانێکی یەکجار دژوار ڕۆژەکانی تەمەن تێپەڕ دەکا، بەڵام بەو حاڵەشەوە درێژە بە خوێندن دەدا و دەچێتەوە سەر کورسی تاقیکاریی زانکۆ، کەچی هێزە ئەمنیەتییەکان لەو کاتە هەستیارەدا بەربینگی پێدەگرن و ئەم دەرفەتەشی لێدەستێننەوە. دواتر لە زانکۆی پەیام نوور مەدرەکی کارناسیی زمان و ئەدەبی فارسی وەردەگرێ و ساڵی١٣٨٠ی هەتاوی دەچێتە شاری سنە و لە دەبیرستانەکانی ئەم شارە وانە دڵێتەوە.
ئەم ڕۆڵە دڵسۆزەی کورد لە دەورانی لاوەتییەوە لەگەڵ ڕووداوە مێژووییەکانا نەشونەمای کردووە و، بەشێک لە ژیانی خۆی تەرخانی بابەتە فولکلۆری و دراما زارەکییەکان کردوە و لە ماوەی ساڵانی مامۆستایەتیدا لە ناوچەی سەقز بە پەرۆشەوە هەگبەی ئەم خۆشەویستییەی دێ بە دێ گێڕاوە و کۆمەڵێک چیرۆک و ئەفسانەی کوردی بۆ کۆ کردۆتەوە کە ئامادەی چاپ و بڵاوکردنەوەن. لەدرێژەی ئەم ڕێگەیەشدا لێکۆڵینەوەی لە زمان و ئەدەبیاتی گەلەکەی کردوە و گەلێک وتار و بابەتی زانستی لەسەر ئەم زمانە نووسیوە و ئاوڕی لە زۆر چەمک و دەستەواژەش داوەتەوە، کە بەشێک لەم وتار و بابەتە زانستییانە لە گۆڤارەکانی باشوور و ڕۆژهەلاتی کوردستان بڵاو کراونەتەوە، کە ڕەنگاڵەی ئەم سروشتە دیمەنی وەرزێکی کەسکی تێدا بەرهەم دێنن و هەستی ناسک و خەیاڵی ڕەنگین بە باڵای لاولاوی شێعرەکانیەوە دەبووژێتەوە و، لە هەموو شێوازێکی ئەم ژانرە ئەدەبییەدا قەڵەمی وەگەڕ دەخا و بەرهەمی بەپێز لەسەر خۆشەویستیی نیشتمان و مافی گەلەکەی دەهۆنێتەوە.
ئەگەر لە نێوەرۆکی شێعرەکانی ورد بینەوە، ئینجا لایەنێکی تری گەورەیی و خاوەندارێتیی ئەم ڕووحە لەسەرپێ و بەخەبەرەی وڵاتەکەمان بۆ دەردەکەوێ، با لە شێعری یادی دەی خاکەلێوەدا ڕووماڵی هەستی نیشتمانپەروەریی ئەم هۆزانە وڵاتپارێزە بیربێنینەوە؛
هێندێ ئایین هەن/ چ بە بزەی خاچ، چ گەڤی شمشێر
قەت لە ناو دڵا جێ ناگرنەوە/ هەندێ سەرۆک هەن،
چ بە بانگەشە، چ زەخت و دۆلار/ قەت ڕێ نابەنە ناو ناخی هەژار
هەندێ تاپۆ هەن، پاشی سەدان ساڵ/ نە لەبەر چاون، نە پیرۆز ماون
بەڵام چەند ناو و دیاردەی تر هەن/ هەتاهەتایە دەرناچن لە دڵ
چون خوێن و عەشقی گەلیان واپێوە/ وەکوو هەڵەبجە، وەکوو پێشەوا
وەکوو چوارچرا و دەی خاکەلێوە…
دەبێ بڵێین شنەیەکە لە سروەی بەهاری خاک و، ئەرخەوانێکە سێبەری حەسانەوە؛ ڕەنگی هەموو نیشتمانی لێوە دیارە و سروشتی لە ئامانجیدا ڕادەژێنێ، هێندە زەنگینە هاوشانە بە ڕەنگی کۆلکەزێڕینەی پاش باران، هەناسەی بە کەسکی تاڤگەی زێدەوە نووساوە، شێعرێکە بڕگەکانی لە قامووسی دایکی نیشتمان جیا ناکرێتەوە، ئەو مەلەیە، جریوەی ڕووحی ئارامی ڕادەژێنێ، بەڵام تراژیدیای ژان و کوڵی دڵ و قوڵپەی گریان ئەم ساتەوەختانەی پێ ڕەوا نابینێ و هەردەمەی لەتێک لە دڵی وڵاتی هەڵدەقرچێ و پەپوولەکانی ئەوینی هەڵدەپڕووزێن. ئاخر سنەی نیشتمانی هەر ڕۆژە و گڕکانێکی توانەوەی لێهەڵدەستێ و ڕووگەی کەسکی شێعرەکانی دەشێوێنێ؛
سنەم ئەمڕۆ چەمی خوێنی گرینە/ بە کۆستی ئاویەر ناخی برینە
بەخوڕ سێڵاوی سوورچۆمن لەچاوان/ نەما ئەسرین کە شینم ئاگرینە
وەرە ئەشکاوی، سەد تۆ بێرە فریام/ گوڵم سووتاو، دڵم گڕکانی شینە
پەری ئازادی تۆ بدڕە یەخەی خوا/ سکاڵای ئەم گەلە ماتەمنشینە
خەمێ ناچێ سەدان زام و ستەم دێ/ دەبن سەرباری ئەم خاکە خەمینە
ئەم شاعێرە دڵسۆزە لە ئاستی هەر ڕووداوێکی وڵاتەکەی هەڵوێستی گرتووە و بوێرانە بەگژ هەڵە و خەتاکاندا هاتۆتەوە، بەو مانایەی بەرژەوەندیی خاکەکەی لە هەر مەرام و بۆچوونێک پێ مەزنتر بووە، ئاخر ڕەحیم لە نێو خەونە گەورەکەی گەلیدا دەژی و دوورە لە چاوچنۆکی و خۆپەرستی، هەربۆیە بەو دیدە فراوانەوە لە سیاسەتی کورد دەڕوانێ و تاکڕەوییەکان وەک شکستی سیاسی ناوزەد دەکا و، شێعری زریانی کۆچ باس لە کۆچی نیشتمان دەکا و شکۆی فەرهادی تەمی غوربەتی لێدەنیشێ و، هەموو ڕۆژێ لە دووی شیرین و جێژوانی بێستوون لە وڵاتانی غەریبستان دەخولێتەوە و، پاپۆڕە سەرگەردانەکەی ئازادیی وڵاتی لە گێژاوی زەریای خەما نوقم دەبێ.
لەو کاتەوە زریانی کۆچ/ پێی ناوەتە ئەم نیشتمانەی لەشمەوە
فەرهادی ڕووحی تەنیاییم غوربەتپۆشەو/ هەموو ڕۆژێ لەدووی شیرین
سەرگەردانی شەقامانی ئەمریکایە./ کۆترەکەی دڵ،
قەفەس قەفەس بۆ لانەیەکی ئازادی/ هەموو رۆژێ ناو تەلبەند و پارکەکانی.
گشت ئورووپا دەپشکنێ،/ گەمیی خەیاڵ،
شەپۆل شەپۆل بۆ لەنگەری ژیانی ئارام/ هەموو ڕۆژێ لە کەناری ئوسترالیا نوقم دەبێ،/ جەستەی تەنیام لەناو سنە
بێدڵ، بێڕۆح و بێخەیاڵ، هەموو ڕۆژێ / بە دەوری زنجیری پەیکەری ئازادیدا،/ هەڵدەسووڕێ…
ئەو شەپۆلە هیوا کەسکە لە هەیبەتی سیروانەوە هەڵقوڵاوە، سروەی ئاویەر لە ڕووحیدا دەشنێتەوە، لە خوڕەی زرێبارەوە لێوبەباری گۆلی ورمێ ئەسڕێتەوە و موژدەی بووژانەوەی تاڤگە و سەرهەڵدانی بەهار ئەدا، ئێستا سنەی قارەمان و مەشخەڵی شاخ بە ناخی ئەم شەپۆلە ڕادەژێن و، لە سەنگەری ئازادیدا باڵا ئەکەن.