دەوڵەت و نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری تەشەنەکردنی خۆپێشاندانەکانی عێراق و لوبنان بۆ شار و ناوچەکانی ئێران، ترسیان لێ نیشتووە و هێزە سەرکوتکەرەکانیان خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
بە پێی ئەو هەواڵ و زانیاریانەی کە لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە بە ناوەندی هەواڵی “کوردستان و کورد” گەیشتوون؛ دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندانی خەڵکی ناڕازی لە هەر دوو وڵاتی عێراق و لوبنان، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ترسیان لە تەشەنەکردنی ئەم ناڕەزایەتیانە بۆ شار و ناوچەکانی ئێران و یەک لەوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێ نیشتووە و بەو بۆنەوە داوایان لە ناوەندە ئەمنیەتی و هیزە سەرکوتکەرەکان کردوە کە لە ئامادەباشیدا بن و جموجۆڵی خەڵک بخەنە ژێر چاودێریی خۆیانەوە.
بە پێی ئەو زانیاریانەی لە شاری ورمێوە بە دەستمان گەیشتووە، چەند ڕۆژێکە سپای پاسدارانی رێژیم لەو پاریزگایە گوردانی بەیتلموقەدەسی خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بە دانانی خولی ڕاهێنانی جۆراوجۆر لە سەر چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونە لە گەڵ هەر پێشهاتێک کە پێوەندی بە ناڕەزایەتیی خەڵکەوە هەیە، شێوازەکانی سەرکوت و ڕووبەڕووبوونەوەی توندیان فێری هێزە ئەمنیەتییەکان کردوە.
خۆپێشاندانەکانی عێراق و لوبنان کە لەواندا بەشێک لە درووشمی خۆپێشاندەران دژایەتی لە گەڵ دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتەکانیان بوو و درووشمی چوونە دەرەوەی ئێران لە وڵاتەکانیان و هێنانە خوارەوەی وێنەی خامنەیی ڕێبەری نیزام و هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەکانی ئەم وڵاتەی لێ کەوتەوە، ترسێکی زۆری خستۆتە دڵی دەوڵەت و نیزامی کۆماری ئیسلامییەوە. کاربەدەستانی ڕێژیم کە خۆیان باشتر لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە تەقینەوەی رق و بێزاریی پەنگخواردووی گەلانی ئێران بەرانبەر بەم نیزامە دژیگەلییە چاوەڕوانی دەرفەتێکی گونجاو دەکات، لە دۆخی ئێستای خۆیان و تەشەنەکردنی خۆپێشاندانەکانی عێراق و لوبنان بۆ ئێران دەترسن و پێیان وایە کە دەتوانن لە ڕێگای سەرکوتکردنەوە پێش بە تەقینەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک بگرن.