ڕۆژی ڕابردوو ٢ هاووڵاتی لە سنە ومهاباد لە ڕێگەی خۆکوشتنەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی بەساڵاچووی خەڵکی گوندی “ئاڵبڵاغ” سەر بە شاری مهاباد بە ناوی “عومەر محەممەدعەلی پوور” بە هۆی کێشەی خێزانییەوە لە ڕێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ناوبراو تەمەنی ٦٢ ساڵ بووە و بە هۆی کێشەی خێزانییەوە پەنای بۆ خۆکوشتن بردووە، هەر لە هەمان ڕۆژدا لە شاری سنە، ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بە ناوی “گەوهەر” بە هۆکاری ناڕوون کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
جێی وەبیر هێنانەوەیە کە لە ماوەی ١٠ مانگی رابردوودا ١٠ کەس کە تەمەنیان سەرووی ٥٠ ساڵ بووە لە شارەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
شایانی باسە کە خۆکوشتن بووەتە دیاردە لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا و خەڵکێکی زۆر لەو ڕێگەیەوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن.
بێهیوایی، کێشەی خێزانی، شکست لە ژیانی شەخسی بە هۆکاری سەرەکیی خۆکوژییەکان ناودەبرێن، بەڵام هەژاریو کێشەی ئابووری، بێکاری، قەیرانی شوناسو خەمۆکیش بەشێکی دیکە لە هۆکارەکانی پەنابردنە بەر خۆکوژین.