کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام گوشار دەخەنە سەر ڕۆژنامەوانان و هەواڵنێران و لەو ڕێگەیەوە دەیانەوێ سانسۆری زیاتر بخەنە سەر میدیاکان.
کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕاگرتن و بڵاونەبوونەوەی هەندێ زانیاری و هەواڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و ماڵپەڕ و ڕۆژنامە و میدیاکانی ئێراندا، فشاری بۆ هەواڵنێران و ڕۆژنامەنووسان هێناوە و دەیانەوێ لەو ڕێگەوە میدیاکان و ڕۆژنامەکان سانسۆر بکەن و ڕێگە نەدەن زۆربەی هەواڵەکان بڵاو ببنەوە و خەڵک لە دۆخی ئاڵۆزی ئێران ئاگادار نەبن.
چالاکانی میدیایی و ڕۆژنامەوانی کە زیاتر لەو بوارەدا کەوتونەتە بەر فشاری کۆماری ئیسلامی، باس لەوە دەکەن کە ڕێژیم دەیهەوێ بە وەرگرتنی باجی زیاتر، فشار بۆ ئێمە بێنێ تاکوو زۆرینەی باسەکان بڵاو نەکەینەوە و زۆربەی ڕووداوەکان نەخەینە بەرچاوی خەڵک.
وەرگرتنی ماڵیات لە چالاکانی میدیایی و ڕۆژنامەوان و بێدەنگ بوونی کاربەدەستانی پێوەندیدار، ناڕەزایەتیی ڕۆژنامەوانان و چالاکانی میدیایی لێکەوتووەتەوە و ئەو کارە بە مەرگی میدیا ناو دەبەن.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەسەڵاتێکی سەرکوتکەرە و ڕێگە بە ماف و ئازادییەکان نادات و دەربڕینی زۆربەی مافەکان دەبێتە هۆی ئاڵۆزی و خەڵک بە ئاسانی ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن و میدیاکان زیاتر هەوڵیان داوە کە لە ڕێگەکی دیکەوە داوای مافەکانی خەڵک بکەن بەڵام ئەوانیش هەمیشە تووشی کێشە و گرفت بوونەتەوە.