شەپۆلێكی نوێی پەنابەران بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا دەستی پێكردووە. شەپۆلێك كە لەدوای شەری جیھانی دووەم بە گەورەترین كۆچی ئینسانەكان ھەژمار دەكرێت. قەیرانی پەنابەران گەیشتووەتە ئاستێك كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەتایبەت یەكیەتی ئورووپا داناوە، بەقەیرانێكی گەورە لەسەرەتای سەدەی بیست و یەكەم سەیر دەكرێت. ئەو شەپۆلە نوێیەی پەنابەران ھۆكارەكەی شەڕو كاوڵكاری ناوخۆی و مەزھەبی یه. زۆربەی پەنابەرانی ئەو یەك دوو ساڵە ھی سوریه و عێراق لە ئاسیا و میسرو لیبی و یەمەن لەئەفریقان، ھاووڵاتیانی ھەر ھەموو ئەو وڵاتانەش لەترسی شەڕو بۆ ئەوەی تێدانەچن كۆچ دەكەن. دوای رووخانی حكومەتی قەزافی له لیبی، ئهم وڵاته دەیان خاوەنی پەیدا بووە،و شەرێكی خوێناوی تێدایە، لەیەمەنیش پێكدادانی حوسییەكان كە ئێران پشتیوانیان لێدەكات لەگەڵ سوپای یەمەن خەڵكەكەی ئاواره کردوه. بەڵام شەپۆلە گەورەكەی پەنابەران ھی سوریه و بەشێكی عێراقە، ئێستا رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بەداعش دەسەلاتی بەسەر یەك لەسەر سێی عێراق و نزیكەی نیوەی سوریهشدا دەشكێت، ودەوڵەتێكی مرۆڤكوژی لەژێر ناوی ئیسلام دامەزراندووە، ھەربۆیە خەڵكی ئەو دوو وڵاتە بەھەموو نرخێك دەیانھەوێ گیانیان پارێزراو بێت، و روو لەھەندەران دەكەن. لەو چەند وڵاتەی باس كرا، ھۆكاری دەرەكی بۆ كۆچی ھاووڵاتیان ھەیە، واتا داعش و شەڕی مەزھەبی و ناوچەیی كە ھەندێكجار ژینۆسایدیشی وەكوو كوردانی ئێزدی لێدەكەوێتەوە، پاساوھەڵگرە. بەڵام لەناو ھەموو پاپۆرو بەلەمێكی پەنابەران چ لەتوركیا و چ لەیونان گەنج و خێزانی ئێرانیش دەبینرێن. بەڵام بەپێچەوانەی ھەموو ئەو وڵاتانە لەئێران نە داعش ھەیە،و نەشەری مەزھەبی ناوخۆیی نێوان سوننە و شیعەكان، ھاوكات ھیچ پریشكێكی شەری ناوچەییش وەبەر سنوورەكانی نەكەوتووە، بەڵام بۆ ھەر لەدوای سەپاندنی حوكمی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەدوای شۆرشی گەلانی ئێران كۆچی ئێرانییەكان بۆ ھەندەران دەستیپێكرد؟ یەكەم: ئەگەر داعش ھێزێكی تووندرەوی ئاینییە،و داوای چەسپاندنی حوكم و یاسا و رێسای خۆی دەكات، ئاوا ویلایەتی موتلەقەی فهقیهی ھەر لە ٣٠ ساڵ بەر له ئێستاوه بەزەربی سهرکوت و تۆقاندن یاسای شیعهی ئەسنا عەشەریی بەسەر ئێراندا سەپاند، و “داعش ئاسا” ھەتا ئێستا ھەرچی لەبنەما نەگۆرەكانی ئایینی تەفسیركراویان دەرچووبێت، لەسێدارەدراوە، و رهجم كراوە، سەرو دەست و لاقی پەرێندراوە. دووەم: ئەگەر خەلكی یەمەن به دهست ههژارییهوه رادەكەن، كە دەرەنجامی شەرێكە كە حوسییەكان بەچەكی ئێران ھۆكارییەتی، ئاوا لەئێران بەبێ ئەوەی شەرێكی ناوخۆی ھەبووبێت، ھەڵاوسان خۆی لە ٢٥% داوە،و بەمیلیۆنان ھەژاری بێ ماڵ وحال لەكۆلانەكاندا كەوتوون، و ھەر بەپێی ئامارە فەرمییەكانی ئێران لەدوو ساڵدا ١٤٠ ھەزار قووتابی بەھۆی نەداری لەخوێندن دواكەوتوون. سێیەم: ئەگەر خەڵكی میسر لە دیارنەبوونی ئایندەی دوا شۆرشەكەیان كۆچ دەكەن، ئاوا لەئێران ئەوە ٣٦ ساڵە ئایندەی دوای شۆرش نادیارەو شۆرشی خەڵك به لارێدا بهراو، تاكوو ئێستاش دزەكانی شۆرشی گەلانی ئێران تاوانی كوشتن و قڕكردنی خەڵكەكەی خۆیان دەكەن. چوارەم: ئەگەر كوردە ئێزدییەكان بەھۆی ژینۆسایدكردن و كوردبوونیان و لەھەمانكاتدا ئێزدیبوونیان لەناو دەبردرێن، و ئەوانەی ماون لەترسی مردن كۆچ دەكەن، لەئێران لەسەردەمی پەھلەوی و کۆماری ئیسلامی دا كوردەكان بەھۆی كوردبوون و جیاوازیی ئایینهوه، رجم كراون، كوژراون و لەماڵ بەدەركراون. كەواتا كۆچی ٣٠ ساڵەی ئێرانییەكان بەھۆی سیاسەته داعش ئاساكانی رژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران بووە،و ھەر بەردەوامیشە،و دیار نیە شەپۆلی داھاتووی پەنابەران ئەمجارە ئێرانییەكان و بەتایبەت خەڵكی تەنگ پێھەڵچنراوی رۆژھەڵاتی كوردستان ئاوارەی كام وڵات و جوغرافیا دەكات، بەڵام ئەوە روونە كە داعش ھەر لەناو دەچێت، سوننەو شیعەی عێراق لەپێناو وڵاتەكەیان ناچارن یەك بگرن، بەڵام دیارنییە وا بەئاسانی رژێمی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی واز لەو سیاسەتە نا ئینسانیانەی خۆی بەرامبەر خەڵكەكەی بھێنێت، ھەربۆیە سوریه و عێراقی و ئەفریقاییەكانیش واز لەكۆچ بھێنن، ئێرانییەكان بیانوویەكیان بۆ كۆچ ھەر دەمێنێت.