ماوەی ٩ ڕۆژە کە خەڵکی عێراق بەردەوام لەسەر شەقامەکانن و بۆ گۆڕینی دەسەڵات و دژ بە گەندەڵی خۆپێشاندانەکانیان درێژە پێدەدەن.
لە ماوەی ئەم یەک مانگەدا بۆ جاری دووهەم خەڵکی عێراق ڕژانەوە سەر شەقامەکان و ماوەی ٩ ڕۆژە بەردەوام و بێ پسانەوە خۆپێشاندان لە شارەکانی عێراق بەردەوامە و خەڵکی ناڕازی لە دەسەڵات، داوای مافەکانیان دەکەن و دەیانهەوێ ئەو شێوە دەسەڵاتە بگۆڕن.
لەگەڵ ئەوەی کە دەوڵەتی عادل عەبدولمەهدی بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانی خۆپێشاندەران چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەکی دەرکردووە، بەڵام تا ئێستاش خەڵک شەقامەکانیان چۆڵ نەکردوە.
شەو و ڕۆژ خەڵک لەسەر شەقامەکانن و بە تایبەتی لە بەغدا نایانهەوێ مەیدانی تەحریر چۆڵبکەن. خۆپێشاندەران هەموو هەوڵەکانیان چرکردۆتەوە هەتا بتوانن لە پردی کۆماری بپەڕنەوە و خۆیان بگەیەننە ناوچەی سەوزی بەغدا کە ناوەندی دامودەزگاکانی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقە ، بەڵام لەگەڵ بەربەستی هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕوو بوونەتەوە و بەهۆی تێکهەڵچوونی خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان تا شەوی ڕابردوو ٢٥٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١١ هەزار کەس بریندار بوون.
بەهۆی گوشارەکانی خۆپێشاندەرانەوە، به تۆمهتی تێوهگلانیان له گهندهڵی و به ههدهردانی سامانی وڵات، دهستهی دهستپاكی عێراق، ڕۆژی هەینی ڕابردوو ، فهرمانی دهستگیركردنی بۆ ژمارهیهک له بهرپرسانی حكومهتی عێراق دهركرد.
فهرمانگهی لێكۆڵینهوهی دهستهی دهستپاكی عێراق، فهرمانی دهستگیركردنی بۆ ٣٨ ئهندامی ئهنجوومهنی پارێزگاكانی ئێستا و پێشوو دهركرد.
ههروهها فهرمانی دهستگیركردنیش بۆ پارێزگاری یهكێک له پارێزگاكان و دوو سهرۆكی ئهنجوومهنی پارێزگاكان و ٦ بهڕێوبهری گشتیی و بریكارێكی وهزارهت دهركرد.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکانی پەرلمان دەکاتەوە، تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران.
محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا پێداگری لەسەر بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکانی پەرلمان دەکاتەوە، تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆپێشاندەران و ئەنجامدانی چاکسازییە گشتییەکان و هەموارکردنەوەی دەستوور.
خۆپێشاندەران لەگەڵ ئەوەی کە داوای مافەکانیان و گۆڕینی شێوەی بەڕێوەبەریی دەسەڵات دەکەن، لە هەمانکاتدا دژ بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دروشم دەدەن و وێنەی ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمە دادگرن و دەیانخەنە ژێر پێ. خۆپێشاندەرانی ناڕازی باس لە دەستێوەردانەکانی ئێران دەکەن و هەروەها پەنجەی تۆمەت بۆ چەکدارەکانی ئەو ڕێژیمە ڕادەکێشن و دەڵێن ئەوان تەقە لە خۆپێشاندەران دەکەن و دەستیان بەخوێنی خەڵکی عێراق سوورە.
کۆماری ئیسلامی دەمێکە بە ئاشکرا دەست لە کاروباری عێراق وەردەدا و سەروەری ئەو وڵاتەی پێشێلکردووە و دەیهەوێ دەوڵەتێکی دیکەی شیعە لەو وڵاتە دامەزرێنێ کە هاوپەیمانی خۆی بێ و بیخاتە ژێر هێژموونی سیاسەتەکانی خۆی، بەڵام خەڵکی وەزاڵەهاتووی عێراق لە دەست دەستێوەردانەکانی وڵاتانی بێگانە و بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی، بێزار و تووڕەن و داوای چوونەدەری ئەو ڕێژیمە دەکەن لە وڵاتەکەیان.