به‌دوای لێبوردنی ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامی‌دا، حوكمی ئێعدامی زیندانیی سیاسیی كورد حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی ڕاگیرا.
به‌پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵده‌ریی هێرانا، پاش داوای زۆری خه‌ڵك و به هۆی لێ‌خۆش بوونی ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامی، حوكمی ئێعدامی زیندانیی سیاسیی كورد حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی ڕاگیرا.
محه‌ممه‌دساڵح نیكبه‌خت پارێزه‌ری ئه‌م زیندانییه سیاسییه وێڕای ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌واڵه ڕایگه‌یاندووه كه به‌م زووانه سزای ئێعدامی ئه‌م گیراوه سیاسییه بۆ حوكمێكی دیكه ده‌گۆڕدرێ.
شایانی باسه كه حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی له كاتی دهستبهسهركرانییهوه له ساڵی ١٣٨٦ تا ئێستا به هۆی ئه‌م حوكمه‌وه، له چوون بۆ مافی مه‌ره‌خه‌سی بێبه‌ش كراوه.
حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی خوێندكاری دوایین ساڵی لقی ئه‌ندازیاریی پیشه‌سازییه‌كان له زانكۆی ئیلام، ڕێكه‌وتی ١ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٨٦ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و پاش ٣ مانگ ڕاگیران له به‌ندی تاكه‌كه‌سیدا و ئه‌شكه‌نجه و ئازارێكی زۆری جه‌سته‌یی و ڕووحی، له لایه‌ن لقی ١ی دادگای ئینقلاب له شاری سنه به سه‌رۆكایه‌تیی قازی حه‌سه‌ن بابایی به تۆمه‌تی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خودا و فه‌ساد له سه‌ر زه‌وی حوكمی ئێعدامی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.
ئه‌م حوكمه به‌دوای ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕینی پارێزه‌ره‌كانی بۆ دادگای به‌دواداچوونه‌وه نێردرابوو به‌ڵام له زستانی هه‌مان ساڵ، دادگای پێداچوونه‌وه‌ش ئه‌م حوكمه‌ی پشتڕاست كرده‌وه و له ئه‌نجامدا ئه‌م حوكمه به مه‌به‌ستی دوایین بڕیار به‌ڕێی دیوانی به‌رزی وڵات كرا كه به داخه‌وه له‌وێش هیچ گۆڕانكارییه‌كی بهسهرحوكمی ناوبراودا نه‌هات و له لایه‌ن ئه‌م دادگایهشهوه ده‌قاوده‌ق پشتڕاست كرایه‌وه.
ئێستاش پاش تێپه‌ڕینی ٨ ساڵ و به هۆی هه‌وڵی بێ وچانی بنه‌ماڵه و پارێزه‌ره‌كانی ئه‌م زیندانییه سیاسییه و له سه‌ر داوای خه‌ڵك، ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامی چاوپۆشی له حوكمی ئێعدامی حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی كردووه و ئه‌م حوكمه‌یان ڕاگرتووه.