بە بەشداریی شاعیران و ئەدەبدۆستانی کورد لە شاری بانە کۆڕە شێعرێکی ڕازاوە بەڕێوەچوو.
لە درێژەی چالاکییەکانی ئەنجومەنی ئەدەبی بانە، شەوی چوارشەممە ٨ی خەزەڵوەر لە هۆڵی ئیدارەی فەرهەنگی بانە بە بەشداریی ۳۰ شاعیر لە شارەکانی ، بانە ، سەقز ، بۆکان ، شنۆ ،مەهاباد، سەردەشت وکرماشان ئەو کۆڕە شێعرە دەستیپێکرد.
پاش خوێندنی چەند ئایەت لە قورئان، بە خوێندنی سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی ” لە چوار بڕگەدا شاعیرانی بەشدار بوو ، بەرهەمەکانی خۆیانیان پێشکەش کرد کە لە ناوبڕدا هونەرمەند سەعید فۆلادی چەند گۆرانییەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
جێی ئاماژەیە ناوەڕۆکی سەرجەم شێعر و هۆنراوەکان بە لە بەرچاوگرتنی دۆخی ڕۆژاوا پڕاوپڕ بوو لە هەست و سۆزی نیشتمانی .
هەواڵنێری “کوردستان وکورد” ڕایگەیاند کە ئەو کۆڕە شێعرە کە لەم هەلومەرجەدا بەڕێوەچوو، لە لایەن خەڵکی ئەدەبدۆستی بانەوە بەگەرمی پێشوازی لێکرا و بە هۆی نەبوونی هۆڵی گەورەتر بەناچاری زۆرێک لە خەڵکی بەشدار بە پێوە ڕاوەستا بوون.
لە کۆڕە شێعرەکەدا شاعیرانی ناسراو و دەروەست وەک، کەریم دافێ ناسراو بە “کاف.داڵ.ئازاد ، ئەمین گەردیگلانی ، هێرش بێتووشی ، چەند پارێزەر و زۆر شاعیری لاوی بە هەست و خاوەن بەهرە بەشدارییان کرد.
ئەو کۆڕە شێعرە بە هەست و خرۆشێکی نەتەوەیی پاش چەند کاتژمێر کۆتایی هات.